عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی رۆژئاوای قورنە واژۆ کرد
وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرپەرشتیی وەزیری نەوت، رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمریکی واژۆ کرد بە مەبەستی دابینکردنی راوێژی تەکنیکی بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسڕە لە کاتی دانوستاندنەکاندا بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی "رۆژئاوای قورنە/ 2".
نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، بە چاودێریی باسم محەممەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوت، وەزارەت رێککەوتنێکی فەرمیی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکی "شیڤرۆن" واژۆ کرد.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە لە ماوەی دانوستاندنەکاندا بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی "رۆژئاوای قورنە/ 2"، راوێژ و هاوکاریی تەکنیکی و هونەری پێشکەش بە لایەنی عێراقی کۆمپانیای نەوتی بەسڕە دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مەراسیمی واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە نەوتییە لە بەغدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای کەرتی نەوتی عێراق بەڕێوەچوو، لەوانە: نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسڕە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گرێبەست و مۆڵەتە نەوتییەکان.