ئالیس ڤایدڵ: هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئۆکرانیا رادەگرین و پەنابەرانی سووریا دەگەڕێنینەوە
سەرۆکی پارتی راستڕەوی "جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا" (AfD) پلانەکانی پارتەکەی لە ئەگەری وەرگرتنی دەسەڵات ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پارەی ئەڵمانیا لە بودجەی یەکێتیی ئەوروپا دەکشێننەوە، هاوکارییە سەربازی و داراییەکان بۆ ئۆکرانیا رادەگرن، و سەرجەم پەنابەرانی سووریاش ناچار دەکەن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، ئالیس ڤایدڵ، سەرۆکی پارتی راستڕەوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (AUF1) رایگەیاند، پێکهێنانی حکوومەت لە لایەن پارتەکەیەوە کاریگەریی قووڵی بەسەر یەکێتیی ئەوروپاوە دەبێت، چونکە چیتر ئامادە نین پارە بۆ وڵاتانی دراوسێ خەرج بکەن و گوتی: "ئێمە پارەکەی خۆمانمان دەوێتەوە؛ ئەڵمانیا دەیان ساڵە گەورەترین دابینکەری پارەیە بۆ یەکێتیی ئەوروپا، ئێمە بڕینێکی زۆر گەورە لەو پارەیە دەکەین و چاوەڕێی کاردانەوەی برۆکسل و ستراسبۆرگ دەکەم کاتێک پارەدارکردنی ئەو سێرکە دەوەستێنین".
سەبارەت بە پرسی پەنابەران، ڤایدڵ دووپاتی کردەوە, مافی پەنابەری مافێکی کاتییە و دەبێت پەنابەران لەگەڵ نەمان و باشبوونی دۆخی وڵاتەکەیان بگەڕێنەوە. گوتیشی: "لە سەردەمی حکوومەتی (AfD)دا، سەرجەم پەنابەرانی سووریا بەبێ هیچ بەدەرکردنێک دەبێت خاکی ئەڵمانیا بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، تەنانەت پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە بۆ مەرجەکانی پێدانی وڵاتینامەش بەو هاووڵاتییە سوورییانە دەکەین کە رەگەزنامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە، چونکە گومانی زۆرمان لەسەر دروستیی ئەو پرۆسەیە هەیە".
سەرۆکی پارتی بەدیل بۆ ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پەنابەرانی ئۆکرانیاش بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەو سەدان هەزار گەنجە ئۆکرانییەی لە تەمەنی سەربازیدان. راشیگەیاند: "ئێمە سەرجەم پارەدان و هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا بە تەواوی رادەگرین، و لە بەرامبەردا داوای گەڕاندنەوەی پارەیەکی زۆر وەک قەرەبوو لە کیێڤ دەکەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤایدڵ رەخنەی لە پارتی دیموکراتی مەسیحی (CDU) گرت و پێشبینی کرد فریدریش مێرز لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە. هەروەها گومانی لە جیاوازیی بەرچاوی نێوان دەنگدانی ناو سندووقەکان و دەنگدانی پۆستە لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی ساکسۆنیا-ئەنهاڵت دەربڕی و بە نائاسایی لە قەڵەمی دا.
یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی ئەنجامە بەرایییە فەرمییەکان، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا توانیویەتی 44.4%ـی دەنگەکان مسۆگەر بکات، بەمەش دەنگەکانی پارتەکە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 کە 23.7% بوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و زۆر لە پێشبینییە بەرایییەکانیش زیاترە.