ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئاگرکەوتنەوەکەی زیندانی کۆبانێ بۆ نۆ کەس بەرزبووەوە

بەهۆی گیانلەدەستدانی بریندارێکی دیکە لە نەخۆشخانە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاگرکەوتنەوەکەی زیندانی شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەست داوە، بۆ نۆ کەس بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بریندارێکی رووداوەکە بە ناوی (ئەحمەد عەقیل) کە لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرا، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

هەینی رابردوو، لە شاری کۆبانێ خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی (سیپان حیسۆ) بەڕێوەچوو، بەڵام گردبوونەوەکە ئاڵۆزیی ئەمنیی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک گەنج لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران و گوازرانەوە بۆ زیندانی شارەکە.

دوای دەستبەسەرکردنیان، ئاگر لە چەند ژوورێکی زیندانەکەدا کەوتەوە و بەهۆیەوە لە قۆناخی یەکەمدا گیانلەدەستدانی هەشت کەس و برینداربوونی 17 کەسی دیکە راگەیەندرا کە بەشێکیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیر بوو، بە گیانلەدەستدانی ئەم بریندارەش ژمارەی قوربانییەکان گەیشتە نۆ کەس.