حەج و عومرەی کوردستان دوا مۆڵەت دەداتە ئەو هاووڵاتییانەی فۆرمەکانیان هەڵەی تێدایە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دوا ئاگاداری ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ فەریزەی حەج تۆمار کردووە و فۆرمەکانیان کەمکوڕیی تێدایە، و رایدەگەیەنێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو دوا وادەیە بۆ راستکردنەوەی زانیارییەکان، بە پێچەوانەوە مافی بەشداریکردنیان لە تیروپشکدا نامێنێت.
یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەنەوە کە لە رێگەی سیستەمی ناونووسینی حەجەوە کورتەنامەیان بۆ چوووە تاوەکو هەڵە و کەمکوڕییەکانی ناو فۆرمەکانیان چاک بکەن؛ ئەگەر تاوەکو ئێستا زانیارییەکانیان بە دروستی پڕنەکردووەتەوە، ئەوا دوا مۆڵەت بۆ راستکردنەوەیان رۆژی سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2026 دەبێت.
گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرە داوای لە هاووڵاتییان کرد، بە هیچ جۆرێک نامەکانی ئاگادارکردنەوە پشتگوێ نەخەن و دەستبەجێ پێداچوونەوە بە فۆرمەکانیاندا بکەن.
کاروان ستوونی هۆشداریشی دا، هەر کەسێک تاوەکو ئەو وادەیەی دیاریکراوە کێشەی فۆرمەکەی چارەسەر نەکات، بە تەواوی لە پرۆسەی تیروپشکی ناوی حاجییان بێبەش دەکرێت و مافی بەشداریکردنی نامێنێت.