گەنجێک دوای نەشتەرگەری بینایی چاوێکی لەدەستدا
گەنجێکی تەمەن 24 ساڵ لە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و وەرگرتنی دەرزی لە سەنتەرێکی پزیشکیی تایبەتدا، بینایی چاوێکی بە تەواوی لەدەستدا؛ لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لیژنەیەکی پسپۆڕی پزیشکیی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمی پێکهێنا.
ئەلەند، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵە، خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە و پیشەی دەرمانسازە. ناوبراو بەهۆی بوونی هێڵێکی ڕەش و لێڵ لە پێش چاویدا، سەردانی پزیشکێکی لە سەنتەرێکی تایبەتی لە هەولێر کردووە. بە گوتەی ئەلەند و هاوسەرەکەی، پزیشکەکە پێی راگەیاندووە، نەشتەرگەرییەکە بە رێژەی 85% سەرکەوتوو دەبێت و پێویستی بە دەرزی و نەشتەرگەرییە و دواتر بە لێزەر چارەسەر دەکرێت، و تەنیا ماوەیەک چاوی کەمێک سوور دەبێتەوە؛ بەڵام دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و وەرگرتنی دەرزییەکان، بە تەواوی بینایی چاوێکی لەدەستداوە.
دوای لەدەستدانی بینایی، ئەو گەنجە سکاڵای لە دژی پزیشکەکە و سەنتەرە تایبەتەکە تۆمار کرد و بۆ بەدواداچوونی کەیسەکەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێری کرد.
دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، بۆ بەدواداچوونی ئەم کەیسە لیژنەیەکی زانستی لە چەندین پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو پێکهێنراوە، تاوەکو بە وردی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکەن لەسەر ئەوەی ئایا پزیشکەکە یان سەنتەرەکە لە کارەکەیاندا کەمتەرخەم بوون، یان پێویستی بە کەرەستە و رێکاری زیاتر بووە و بۆی نەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی دەرەنجامی راپۆرتی لیژنە پزیشکییە پسپۆڕەکە، ئەگەر هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک لە لایەن سەنتەرەکە یان پزیشکەکەوە بسەلمێنرێت، بەپێی یاسا سەرجەم رێکارە پێویستەکان بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.