حووسییەکان: سعوودیە 58 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر خاکی یەمەن ئەنجامداوە
گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حووسییەکان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 58 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەندین ناوچە لە شەش پارێزگای جیاوازی یەمەن.
یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، یەحیا سەریع،گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حووسییەکان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد، لە 24 کاتژمێری رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە 58 بۆردوومانی چڕیان ئەنجامداوە، تێیدا ناوچەکانی سەر بە هەر شەش پارێزگای تەعیز، لەحج، جەوف، حەججە، بەیزا، و سەعدە کراونەتە ئامانج.
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان روونی کردەوە کە تەواوی هێرشەکان لە ريگەی فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-15) ئەنجامدراون، و سەرجەم فڕۆکەکانیش لە بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیت لە ناوخۆی سعوودیەوە هەڵفڕیون.
دوێنێ شەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاندبوو، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپا بە زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانی چەندین پێگە، سەکۆی مووشەکی و کەرەستەی سەربازیی حووسییەکانیان لە پارێزگای بەیزا کردووەتە ئامانج و زیانێکی گەورەی گیانی و ماددییان پێگەیاندوون.