ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سوید؛ بەرەی چەپ پێشەنگە و راستڕەوەکان پاشەکشەیان کردووە
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکانی دوای دەنگدان لە هەڵبژاردنی گشتیی سوید، پارتەکانی سەر بە بەرەی چەپ پێشەنگی کێبڕکێکەیان گرتووە، هاوکات راستڕەوە توندڕەوە دژە کۆچبەرەکان بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا رووبەڕووی پاشەکشە بوونەتەوە.
یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی دوو راپرسیی جیاواز کە دەستبەجێ دوای داخرانی بنکەکانی دەنگدان لەلایەن تەلەڤزیۆنی فەرمیی سوید (SVT) و کەناڵی (TV4) بڵاوکرانەوە، چوار پارتی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ بە سەرۆکایەتیی مەگدالینا ئەندەرسۆن، پێشەنگی هەڵبژاردنەکانیان گرتووە و نزیکەی 51.3%ی دەنگەکانیان مسۆگەر کردووە. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی راستڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی ئۆلف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی ئێستای سوید، نزیکەی 47%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
یەکێک لە گەورەترین سوپرایزەکانی ئەم هەڵبژاردنە، دابەزینی پێگەی جەماوەریی پارتی دیموکراتەکانی سویدە؛ پارتێکی راستڕەوی توندڕەوی دژە کۆچبەرە و لە دوای هاتنە ناوەوەی بۆ پەرلەمان لە ساڵی 2010وە، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا تووشی دابەزینی دەنگ دەبێت. هەرچەندە پێشتر چاوەڕوان دەکرا ببنە بەشێک لە حکوومەتی نوێ، بەڵام بەپێی ئەم ئەنجامانە پێگەی دووەم گەورەترین پارتی وڵاتەکەیان لەدەستداوە.
لە کاردانەوەی سەرەتاییدا، جولیا کرۆنلید، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتەکانی سوید بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "بێگومان کەمێک جێگەی بێئومێدییە کە لەم راپرسییانەدا چیتر دووەم گەورەترین پارت نین، بەڵام هێشتا هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە و ئەگەری هەیە ئەنجامە فەرمییەکان بگۆڕێن."
مەگدالینا ئەندەرسۆن کە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022 یەکەمین ژن بوو لە مێژووی سویددا پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، لە کەمپەینەکەیدا سەرنجی سەرەکیی خستبووە سەر بەهێزکردنی کەرتی تەندروستی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی بە دەست گرانیی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە دەناڵێنن.
لە بەرامبەردا، ئۆلف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی راستڕەوی ئێستا کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە پاڵپشتیی راستڕەوە توندڕەوەکان حکوومەتی بەڕێوەدەبرد، شانازیی بە کەمکردنەوەی تاوانی رێکخراو و سنووردارکردنی شەپۆلی کۆچبەری دەکرد. کریستەرسۆن و جیمی ئاکێسۆنی هاوپەیمانی لە کەمپەینەکانیاندا بە سودوەرگرتن لە دروشمەکەی دۆناڵد ترەمپ، داوایان دەکرد "سوید دووبارە مەزن بکەنەوە."
هاوکات پرسی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەم هەڵبژاردنەدا هەبوو؛ بە جۆرێک گرێتا توونبێرگ، چالاکوانی نێودەوڵەتیی ژینگە لە پەیامێکدا داوای لە دەنگدەران کردبوو دژی بەرەی راستڕەو دەنگ بدەن و نووسیبووی: "نابێت هیچ فاشیستێک لە حکوومەتی ئێمەدا هەبێت؛ ئێستا کاتی دادپەروەریی کەشوهەوایە."
هەرچەندە ئاماژە بەراییەکان دەریدەخەن کە بەرەی چەپ زۆرینەی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت، بەڵام چاودێران پێیانوایە رێگەی گەیشتن بە دەسەڵات هێندە ئاسان نابێت، چونکە چوار پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن لە رووی ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی سیاسییەوە جیاوازیی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە و پێکهێنانی کابینەی نوێ پێویستی بە سازش و دانوستاندنی سەخت و درێژخایەن دەبێت.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، 52 کاندیدی کورد لە هەڵبژاردنی 2026ی سوید بەشدارن، بەڵام لیستی تەواوی هەر 52 کەسەکە بەشێوەیەکی تەواو بڵاونەکراوەتەوە چونکە لە سوید رەچەڵەکی کاندیدەکان بڵاوناکەنەوە.
هەڵبژاردنی گشتیی سوید بە ژمارە
لە هەڵبژاردنی گشتی سوید زیاتر لە هەشت ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی پەرلەمان و دەسەڵاتی چوار ساڵی داهاتووی وڵات؛ هاوکات سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی زۆربەی پارتە سەرەکییەکان ژنن، بەڵام رێژەی بەشداریی ئافرەتان لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە خولی پێشوو دابەزیوە.
جوگرافیا و دانیشتووانی سوید
سوید دەکەوێتە باکووری ئەوروپا و بەسەر 21 هەرێم و 290 شارەوانیدا دابەش بووە. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە دەگاتە 10 ملیۆن و 610 هەزار و 400 کەس، کە پێکهاتووە لە زیاتر لە پێنج ملیۆن پیاو و زیاتر لە پێنج ملیۆن ئافرەت.
دەنگدەران و بنکەکانی دەنگدان
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا لە رێگەی 6,312 بنکەی دەنگدانەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ژمارەکان بەمشێوەیەن:
8 ملیۆن و 628 هەزار و 119 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
483 هەزار و 182 کەس بۆ یەکەمین جار لە ژیانیاندا دەنگ دەدەن.
226 هەزار و 906 کەس لە دەرەوەی خاکی سوید دەنگەکانیان دەدەن.
پەرلەمان و کێبڕکێی پارتەکان
پەرلەمانی سوید (ریکسداگ) لە 349 کورسی پێکدێت و مەرجە هەر پارتێک لانی کەم 4%ی کۆی دەنگەکان بەدەستبهێنێت تاوەکو بچێتە پەرلەمانەوە. لە نێوان 265 پارتی سیاسیی تۆمارکراو، تەنیا 31 پارت بە فەرمی کاندیدیان بەربژێر کردووە و بە گشتی 54 هەزار و 212 کەس لەسەر ئاستی پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکان کاندیدن.
لە خولی پێشووی پەرلەماندا، هەشت پارتی سەرەکی ئامادە بوون سۆسیال دیموکراتەکان، دیموکراتەکانی سوید، مۆدراتەکان، چەپەکان، پارتی ناوەند، مەسیحی دیموکراتەکان، پارتی ژینگە/سەوزەکان، و لیبراڵەکان.
لە ماوەی چوار ساڵی رابردووشدا هاوپەیمانێتیی پارتەکانی مۆدرات، مەسیحی دیموکرات و لیبراڵەکان بە پاڵپشتیی پارتی دیموکراتەکانی سوید دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە.