کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆشداری لە مایەپووچبوونی سەدان کێڵگەی پەلەوەر دەدات

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆشداری لە مایەپووچبوونی سەدان کێڵگەی پەلەوەر دەدات و داوا لە بازرگانان دەکات کەمێک نرخی مریشک بەرزبکەنەوە.

یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، هۆشدارییەکیان بڵاوکردووەتەوە و داوایان لە بازرگانان کردووە کەمێک نرخی مریشک بەرزبکەنەوە، لانیکەم بۆ ئەم کاتە 200 دینار بخەنە سەر نرخی ئێستای مریشک، ئەگەرنا بە سەدان کێڵگەی پەلەوەر مایەپووچ دەبن.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی جەنگ و دۆخی ناوچەکە نرخی گاز و عەلەف بەرزبووەتەوە و ئێستا هەر تۆنێک عەلەف بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 115000 دیناری چووەتە سەر. هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک 2200 دینار دەکەوێت، لە کاتێکدا ئێستا نرخی کیلۆیەک لە بازاڕدا بە 1900 دینارە.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ڕاشیگەیاند، بەرهەمی مریشک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پێویستی زیاترە و ڕێگەش نادرێت وەک پێویست ڕەوانەی شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بکرێت. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە نەدۆزرێتەوە، سەدان خاوەن کێڵگەی پەلەوەر تووشی مایەپووچبوون دەبنەوە.