کۆبوونەوەی ئێران و وڵاتانی کەنداو لەبارەی هورمز دواخرا

وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان ڕایگەیاند، ئەو کۆبوونەوە هەرێمییەی بڕیار بوو سبەی لە شاری سەڵاڵە بەڕێوەبچێت، لەبارەی گەرووی هورمز لە پێناو ڕەخساندنی زەمینەی سازان و هاوڕایی زیاتر لە نێوان لایەنەکاندا بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.

یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاشکرای کرد، لە پێناو گەیشتن بە سازان و بەدەستهێنانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بڕیاریان داوە کۆبوونەوە هەرێمییەکەی سبەی شاری سەڵاڵە دوابخەن.

وەزیری دەرەوەی عومان جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی خۆی بە پشتیوانیکردن لە دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەر؛ بە جۆرێک کە ئامانج لێی چەسپاندنی سەقامگیری و دروستکردنی هاوکارییەکی بەردەوام و پتەو بێت لە تەواوی ناوچەکەدا.

هەرچەندە بوسەعیدی بە شێوەیەکی فەرمی ناوی سەرجەم بەشداربووانی نەهێناوە، بەڵام لە پەیامەکەیدا ئاڵای 8 وڵاتی داناوە، کە بریتین لە عێراق، ئێران، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، کوێت، بەحرەین لەگەڵ خودی عومان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی دیپلۆماسیی فراوان و کۆکردنەوەی جەمسەرە ناکۆکەکانی ناوچەکە لە دەوری یەک مێزی گفتوگۆ.

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین رایگەیاندبوو، بەشداری لەو کۆبوونەوە وەزارییە پێشنیازکراوەدا ناکات کە بڕیارە لە عومان لەبارەی ئاسایشی گەرووی هورمز بەڕێوەبچێت، و جەختی کردبووەوە تاوەکو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی نەبنەوە، لەگەڵ ئێران لەژێر یەک سەقفدا دانانیشێت.

هەینی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو لەم هەفتەیە، کۆبوونەوەی وڵاتانی کەناراوی کەنداو و دەریای عومان بە بەشداریی ئێران و عێراق لە عومان بەڕێوە دەچێت، بۆ تاوتوێکردنی دیاریکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا؛ هاوکات ئاماژەی دابوو، بەبێ راگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا ئاسایشی ناوچەکە بە تەواوی مسۆگەر ناکرێت.