سەعد مەعن: خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر سعوودیە بەکارهاتووە
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، عێراق لە پشت ئەو هێرشانە نەبووە کە کراونەتە سەر سعوودیە، بەڵکو خاکی عێراق بۆ ئەو هێرشانە بەکارهێنراوە و لیژنەیەکی باڵا لەسەر ڕووداوەکە پێکهێنراوە. هاوکات جەختی کردەوە کە ئێستا ماددەی هۆشبەر گەورەترین هەڕەشەیە و تیرۆر چیتر مەترسیی ژمارە یەک نییە لە وڵاتدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ـی کوردستان24 رایگەیاند "ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر سعوودیە لەلایەن عێراقەوە نەبووە، بەڵکو خاکی جوگرافیای عێراق بۆ هێرشەکان بەکارهاتووە، تاوەکو ئێستاش بە تەواوی نەزانراوە ئەنجامدەرانی کێن، بەڵام رێکاری تەواو گیراوەتەبەر و لیژنەکە بە وردی کار دەکات؛ هەربۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرماندە سەربازییەکانی پارێزگای میسانی لە پۆستەکانیان لاداوە."
سەعد مەعن ئاماژەی بەوە کرد، عێراق بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو جۆرە هێرشانەیە و پەیامی فەرمیی خۆی بە ریاز گەیاندووە "لەگەڵ سعوودیە لەسەر هێڵین و لە هەر گۆڕانکاری و زانیارییەکی نوێ ئاگاداریان دەکەینەوە، سعوودیەش تێگەیشتنی زۆرباشی هەیە و نیگەران نییە."
دەربارەی ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوەکەش، گوتی "لیژنەکە لە ئاستێکی باڵادایە و ئێران تێیدا بەشدار نییە، تەنیا داوا لە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کراوە هەماهەنگی و ڕاوێژیان هەبێت؛ لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دەمانەوێت بگەینە سەرەداو."
سەبارەت بە پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی باسی لەوە کرد، عێراق لە قۆناخێکی تایبەتدایە و هێزەکانی هاوپەیمانان تا 30ـی ئەیلوول لە عێراق نامێنن، هەروەها گوتی "عێراق هەموو توانایەکی هەیە و متمانەی بە هێزەکانی خۆیەتی، نابێت هیچ هێزێکی بیانی تەنانەت وەک راوێژکاریش لە عێراقدا بمێنێتەوە. عێراقی ئێستا لەگەڵ ساڵی 2014 زۆر جیاوازە و زۆربەی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان گۆڕاون."
لە بارەی دۆخی ناوچە هاوبەشەکان، سەعد مەعن دووپاتی کردەوە کە "لەو ناوچانەی هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە پێکەوە جێگیر کراون، بە هیچ شێوەیەک بۆشایی ئەمنی بوونی نییە، هەماهەنگییەکی زۆرباش لە نێوان هەردوولادا هەیە لە بوارەکانی ئەمنی، هەواڵگری و ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، تەنانەت پلان هەیە راهێنانی هاوبەشیش ئەنجام بدرێت."
سەعد مەعن ئاشکرای کرد، لە ئێستادا گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵات ماددەی هۆشبەرە و باسی لەوە کرد "هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانمان ئەوەیان سەلماندووە کە تیرۆر چیتر مەترسیی ژمارە یەک نییە لە عێراق."
دەربارەی بەهێزکردنی پاراستنی ئاسمانی عێراقیش، گوتیشی "سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدات و سەردانی هێزی ئاسمانیشی کردووە، هەربۆیە فەرمانی کردووە پلانێکی سێ ساڵە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی ئاسمانی دابڕێژرێت."
دەربارەی دەرەنجامی لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی لە رابردوودا کرابوونە سەر هەرێمی کوردستان، سەعد مەعن رایگەیاند "لێکۆڵینەوەی لیژنەکان لەسەر هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان تەواو بوون و ئەنجامیشیان هەبووە."