17 گەنجی دەستگیرکراوی کۆبانێ ئازاد کران
ئەو 17 گەنجەی خەڵکی کۆبانێ لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی سووریاوە دەستگیرکرابوون، ئەمڕۆ دوای ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک، ئازاد کران.
یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو 17 گەنجەی شاری کۆبانێ کە لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەرکرابوون، دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشقەوە بۆ شاری حەلەب گواسترابوونەوە، بەڵام دوابەدوای کۆبوونەوە و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، سەرجەمیان ئازاد کران.
دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە لە کاتێکدا بوو کە لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردوودا، شاری کۆبانێ شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەخۆیەوە بینیبوو، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە تاوانی کوژرانی "سێپان حەسۆ"، کە شەڕڤانێکی لێوای حەسەکە بوو.
لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، هاووڵاتییان داوای سزادانی بەپەلە و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکەیان دەکرد، هاوکات داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ڕێکاری ئەمنی و یاسایی توند بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاری و تاوانی لەو شێوەیە لە شارەکەدا.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، بریندارێکی دیکەی رووداوەکە بە ناوی (ئەحمەد عەقیل) کە لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرا، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.