راوێژکاری باڵای سەربازیی بەریتانیا: بە پەرۆشەوەین بۆ درێژەدان بە هاوبەشیی مێژووییمان لەگەڵ پێشمەرگە

راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی بەرگریی داهاتووی نێوان لەندەن و بەغداد، کار لەسەر بەهێزکردنی هاوپەیمانی و فراوانکردنی هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.

یەکشەممە 13ی ئەیلوولی 2026، جێگری ئەدمیڕاڵ ئێدوارد ئالگرین، لە میانی سەردانێکیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر بڵاوکرایەوە، ئالگرین دڵخۆشیی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ کوردستان و پێشوازییە گەرمەکەی لێی کرا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر رۆشنایی ئەو دۆخە پڕ لە ئاڵنگارییەی ئەمڕۆی ناوچەکە و جیهان، زۆر گرنگە دۆست و هاوبەشەکان لە نزیکەوە کار بکەن بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانیان و بنبڕکردنی سەرچاوەکانی ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕی.

راوێژکارە باڵاکەی بەریتانیا ئاشکرای کرد، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم، چەندین بواری گرنگ بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان دەستنیشان کراون و رێڕەوێکی هاوبەش دیاری کراوە بۆ ئەوەی بە هاوبەشی پێڕەوی بکەن، بە تایبەتی لە چوارچێوەی ئەو "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی بەرگرییە دووقۆڵییە"ی بڕیارە لە داهاتوودا لە نێوان عێراق و بەریتانیادا واژۆ بکرێت.

ئالگرین بە بایەخەوە باسی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "وەک چۆن جیهان دەیزانێت، ئێمە مێژوویەکی دێرینمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا هەیە. بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بەردەوامیدانین بەو مێژووە پڕ لە شانازی و ئەرێنییە، لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش، خۆشگوزەرانی و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هاوبەش."