فەرماندەی سێنتکۆم: نیگەرانیی کەمیی چەک و تەقەمەنی نین
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هیچ نیگەرانییەکی لەبارەی یەدەگی چەک و تەقەمەنییەکانی ئەمریکا نییە. ئەم لێدوانەی کوپەر لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا هات کە باس لە کەمبوونەوەی یەدەگی چەکی پێنتاگۆن دەکەن بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ئێران.
ئەو لێدوانە ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی "فەیس زە نەیشن"ـی تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس بوو، کوپەر سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکە گوتی: "بە هیچ شێوەیەک نیگەران نیم، ئێمە ئامادەین و بۆ هەر پێشهاتێک لە ئامادەباشیداین."
لەو چاوپێکەوتنەدا پێشکەشکارەکە باسی ئەوەی کرد، ئەمریکا 45%ـی مووشەکەکانی سیستەمی پاتریۆت و زیاتر لە نیوەی یەدەگی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی ساد-ی بەکارهێناوە، بەڵام فەرماندەکەی سێنتکۆم دیسان جەختیکردەوە، هیچ مەترسییەک لەو رووەوە بوونی نییە.
سەرەڕای ئەمەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رووی کردارییەوە بڕێکی زۆری تەقەمەنیی مامناوەند و کوالیتی بەرز لەبەردەستدایە. ترەمپ ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە، باس لە کەمبوونەوەی یەدەگی چەکی ئەمریکا دەکەن و رەخنەی توندی لەو میدیایانە گرت کە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "سەرباری ئەوەش، ئێمە لەسەر ئاستێکی بێوێنە تەقەمەنی بەرهەم دەهێنین. ئێمە خەریکی کۆکردنەوەی یەدەگی چەکین و بۆ هەر پێشهاتێک ئامادەین." هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی فرۆشتنی چەک بە هاوپەیمانەکانیان بەمنزیکانە دەست پێدەکاتەوە.