عومان کۆبوونەوەی هەرێمیی وڵاتانی کەنداو و ئێرانی دواخست
بەهۆی بایکۆتکردنەوە، کۆبوونەوەی ئاسایشی هەرێمی دواخرا
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، کۆبوونەوە هەرێمییەکەی سەڵاڵە کە بڕیاربوو دووشەممە بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی سازان دواخراوە.
بوسەعیدی لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لە پابەندبوونی بەردەوامی وڵاتەکەی بە پەرەپێدانی ئەو گفتوگۆیانە کردەوە، کە پشتیوانی لە سەقامگیری و هاوکاریی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی عومان لەمبارەیەوە روونیکردەوە، بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە لەپێناو رەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ گفتوگۆی بونیاتنەر دراوە، کە تێگەیشتنی بەردەوام بەدیبهێنێت و وەڵامدەرەوەی ویستی گەلانی ناوچەکە بێت بۆ هاوکاری و ئاشتی.
محەممەد عەلی بەک، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بەم بڕیارە گوتی: بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و بە رێککەوتنی هاوبەشی نێوان عومان و ئێران بووە. تاران بە هەماهەنگیی چڕ لەگەڵ مەسقەت، کاری پێویست بۆ دیاریکردنی وادەی نوێ دەکات.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردبووەوە، کۆبوونەوەکە دەبێتە هەنگاوی یەکەم بەرەو دامەزراندنی چوارچێوەیەکی هەرێمی بۆ هاوکاریی ئەمنی لە کەنداو. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو بارەیەوە گوتی، کۆبوونەوەکە بنەمایەکی سەرەکی بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش پێکدەهێنێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران یەکشەممە روونیکردەوە، ئەو تێگەیشتنەی تاران و مەسقەت لەسەر رێڕەوێکی دەریایی نوێ لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتێ، بە هیچ شێوەیەک بە واتای کردنەوەی گەرووەکە بۆ هاتوچۆی دەریایی نایەت.
سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، پێشنیارەکەی عومان سەبارەت بە گەرووی هورمز بریتین لە پارەدانی خۆویستانە بەرامبەر بە سەلامەتیی هاتوچۆ و ژینگە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشنیازی دانانی باجی زۆرەملێی ئێرانی رەتکرایەوە.
کۆبوونەوە هەرێمییەکە 8 وڵاتی لەخۆدەگرت، بریتین لە عومان، ئێران، عێراق و 5 وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو؛ سعوودیە، ئیمارات، کوەیت، قەتەر و بەحرەین، کە بەحرەین شەممە بەهۆی تووشبوون بە هێرشەکانی ئێرانەوە بایکۆتکردنی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە راگەیاند.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق شەممە جەختی لە پشتیوانیی عێراق بۆ ئەو کۆبوونەوەیە کردەوە و ئاماژەی بە بەشداریکردنی وەفدێکی عێراقی لە کارەکانی کۆبوونەوەکەدا کرد.
گەرووی هورمز بەهۆی هەڵگیرسانی ململانێی سەربازیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتەوە، شایەتحاڵی پەککەوتنی هاتوچۆی دەریاییە، ئەم دۆخەش بووەتە هۆی دروستبوونی شڵەژانی توند لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا.