ئەمریکا دیمەنی رزگارکردنی دوو فڕۆکەوان لە ئێران بڵاو دەکاتەوە

تۆڕی سی بی ئێس نیوز ڤیدیۆیەکی تایبەتی سەبارەت بە دوو ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی دوو ئەفسەری ئەمریکی بڵاوکردەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکەیان لەناو خاکی ئێران کەوتبووە خوارەوە. لەم ئەرکەدا زیاتر لە 90 سەربازی هێزە تایبەتەکان بەشداربوون.

بەگوێرەی تۆڕەکە، ئەو دوو ئەفسەرە ناوی نهێنیی "ئەلفا و برافۆ"یان بەکارهێناوە. دوای ئەوەی فڕۆکەکەیان خرایە خوارەوە، بە پەڕەشوت باز دەدەن و لە ناوچەیەکی شاخاویی باشووری ئیسفەهان دەکەونە خوارەوە، کە نزیکەی 5 میل لە یەکترەوە دوور بوون. لەو کاتەدا هێزەکانی ئێران بەدوایاندا دەگەڕان و خەڵاتیشیان بۆ هەر زانیارییەک تەرخان کردبوو کە شوێنی ئەفسەرەکان ئاشکرا بکات.

هێزەکانی ئەمریکا توانییان 8 کاتژمێر دوای کەوتنی "ئەلفا" رزگاری بکەن، ئەوەش لە ئۆپەراسیۆنێکی رۆژدا کە 21 فڕۆکە بەشدارییان تێدا کردبوو. دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لە پشتی هێڵەکانی دوژمن لە رۆژدا پڕ لە مەترسی بوو، بەڵام نزیکبوونەوەی هەڕەشەکان لە ئەفسەرەکە هێزەکانی ناچار کرد پێش گەیشتنی هێزە ئێرانییەکان جوڵە بکەن.

سەبارەت بە "برافۆ" کە ئەفسەری سیستەمی چەکەکانە، ئۆپەراسیۆنی گەیشتن بەو ئەفسەرە نزیکەی دوو رۆژی خایاند. ئەمەش دوای ئەوە هات کە بەهۆی زیان بەرکەوتنی پەڕەشوتەکەی و بەهێزیی کەوتنە خوارەوەکەی، بریندار بوو. بەگویرەی زانیارییەکانی سی بی ئێس نیوز، دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا پشت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەبەستێت بۆ دیاریکردنی شوێنەکەی، تا دوو ئەندامی یەکەی رزگارکردنی پەڕەشوتی سەر بە هێزی ئاسمانی دەگەنە لای و بۆ ناو هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی دەیگوازنەوە.

تۆڕەکە روونیکردەوە، ئەفسەرەکە تووشی شکانی بڕبڕەی پشت و برینی دیکە بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە توانیویەتی شاخێکی بەرزایی نزیکەی 7 هەزار پێ ببڕێت و چاوەڕێی تیمەکانی رزگارکردن بکات. لە یەکەم دیمانەیدا دوای ئۆپەراسیۆنەکە، "برافۆ" ساتی بینینی تیمەکانی رزگارکردنی بە یەکێک لە گەورەترین ساتەکانی ژیانی ناو برد.