تورکیا پێشنیاز دەکات دانوستانی ئۆکرانیا و رووسیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی تورکیا بە ئاژانسی "نۆڤۆستی"ی راگەیاند، ئەنقەرە لەو بڕوایەدایە کێشەی ئۆکرانیا تەنیا بە رێگەی دانوستان چارەسەر دەکرێت و ئیستانبوڵیش تاوەکو ئێستا شوێنێکی گونجاوە بۆ بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنەکان.

بەگوێرەی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە، ئەنقەرە جەخت دەکاتەوە کە ئیستانبوڵ پێشتریش سەلماندوویەتی شوێنێکی گونجاوە بۆ پەیوەندی و گفتوگۆی نێوان لایەنە ناکۆکەکان، بۆیە تورکیا بە پێویست و گونجاوی دەزانێت دانوستانەکان لەو شارە بەردەوام بێت.

ئەم پێشنیازەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە، پێشتر عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاندبوو، پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا دەیەوێت دانوستانەکانی تایبەت بە ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچن، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگۆی ئەگەری بەستنی کۆبوونەوەکان لە شاری ئەبو زەبی بڵاوبووەوە.

لە بەرامبەردا، یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو، موسکۆ پایتەختی ئیمارات (ئەبو زەبی) بە گونجاوترین بژارە دەبینێت بۆ میوانداریکردنی خولەکانی داهاتووی دانوستانەکانی پەیوەست بە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا.

شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022 دەستیپێکرد، کاتێک رووسیا هێرشێکی سەربازیی بەربڵاوی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند. رەگی ناکۆکییەکان بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە کاتێک رووسیا نیمچەدوورگەی کریمیای خستە پاڵ خۆی و پشتگیری لە جوداخوازەکانی هەرێمی دۆنباس کرد. ئەم جەنگە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، و دروستبوونی گەورەترین قەیرانی ئەمنی و ئابووری لە ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە