لافاو رێگە سەرەکییەکانی چەند ویلایەتێکی ئەمریکای داخستووە
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و لافاو چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتەوە و بەهۆیەوە سەدان ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و زیانێکی زۆری ماددی بە ناوچەکە گەیشت.
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و لافاو ویلایەتەکانی نیویۆرک، نیوجێرسی و پێنسلڤانیای لە ئەمریکا گرتەوە. کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەتایبەتی لە ویلایەتی نیوجێرسی زۆر بەهێزتر بوو، بە جۆرێک زیانی ماددیی بەرچاوی لێکەوتەوە و سەدان ئۆتۆمبێل بە تەواوی ژێرئاو کەوتن.
درەنگانی شەوی رابردوو بارانێکی زۆر بەخوڕ لە ویلایەتی نیوجێرسی باری و لە چەندین ناوچە لافاوی گەورە دروست بوو و بەوهۆیەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی کۆمپانیا و پێشانگاکان (بەتایبەتی ئۆتۆمبێلە کارەبایی و ئاساییەکان) نوقمی ئاو بوون. لە هەمان کاتدا ئاو چووەتە نێو ناوەندە بازرگانییەکان و ماڵی هاووڵاتییان و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون.
لە لایەکی دیکەوە لافاوەکە رێگە سەرەکییەکان و ئۆتۆبانەکانی گرتووەتەوە، ئەمەش وای کردووە لە زۆربەی ناوچەکاندا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل پەککەوتەیی بەخۆیەوە ببینێت و ئاستەنگی گەورە بۆ هاووڵاتییان و پیادەڕەوان دروست ببێت. تیمەکانی فریاگوزاری بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت سەرقاڵی رزگارکردن و گواستنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەن لە نێو لافاوەکەدا گیریان خواردووە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەشناسیی ناوچەکە هۆشدارییان داوە، بارانبارین بۆ ماوەی چەندین رۆژ بەردەوام دەبێت؛ بۆیە داوایان لە هاووڵاتییان و شۆفێران کردووە رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر و لە کاتی زۆر پێویست نەبێت ماڵەکانیان جێ نەهێڵن.
ویلایەتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا، بەتایبەتی نیویۆرک، نیوجێرسی و پێنسلڤانیا، ساڵانە رووبەڕووی شەپۆلی گەورەی بارانبارین و زریان دەبنەوە. لە ساڵانی رابردوودا گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر توندبوونی ئەم دیاردە سروشتییانە هەبووە، بە جۆرێک بڕێکی زۆر ئاو لە ماوەیەکی کورتدا دەبارێت و سیستمی ئاوەڕۆی شارەکان توانای وەرگرتنی ئەو بڕە زۆرەیان نامێنێت.
لە ساڵی 2021دا پاشماوەی زریانی ئایدا هەمان ئەم ویلایەتانەی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس و وێرانبوونی ژێرخانی چەندین شار. لە دوای ئەو کارەساتەوە، حکوومەتی فیدراڵی و ویلایەتەکان هەوڵیان داوە سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و فریاگوزاریی خێرا باشتر بکەن، بەڵام هێشتا لافاوە کتوپڕەکان یەکێکن لە گەورەترین ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییەکانی بەردەم دانیشتووانی ئەو ناوچانە و زۆرجار زیانی ملیاران دۆلار بە کەرتی تایبەت و گشتی دەگەیەنن.