سزای 7 ساڵ زیندانیی بەسەر بەرپرسێکی کارەبای عێراق دا سەپێندرا
دەستەی دەستپاکی عێراق سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست دەرکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر عەلا سەمیر راشد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست لە وەزارەتی کارەبا سەپاند، ئاماژەی بەوەش داوە، سزاکە بەپێی ماددەی 19/دووەم لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو دەرچووە.
دادگا بڕیاریدا عەلا سەمیر راشد پابەند بکرێت بە گەڕاندنەوەی بڕی 25.7 ملیار دینار، کە پێکدێت لە بەهای دەستکەوتە نایاساییەکان و سزای دارایی هاوتا، بەپێی وردەکارییەکان دەستکەوتە نایاساییەکانی ئەو بەرپرسە بریتین لە 5 ملیار و 524 ملیۆن و 135 هەزار دیناری عێراقی و 5 ملیۆن و 538 هەزار و 593 دۆلاری ئەمریکی، کە بەپێی ماددەی 19/چوارەم لە هەمان یاسا، سزایەکی هاوتاشی بۆ دیاریکراوە.
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، بڕیارەکەی دادگا دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی عەلا سەمیر راشدی پەسەند کردووە، هەروەها دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت، مافی ئەوەیان هەیە داوای قەرەبووی زیانەکان بکەن.