دوای جیاکردنەوەی 95%ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سوید پێنج کاندیدی کورد سەرکەوتن
لە کاتێکدا جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی گشتیی سوید گەیشتووەتە 95%، بەرەی چەپ بە 176 کورسی بەرامبەر بە 173 کورسی بۆ هاوپەیمانیی راستڕەوەکان زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر کرد، هاوکات رێژەی بەشداریی دەنگدەران 80.3%ـی تۆمار کردووە و پێنج کاندیدی کوردیش سەرکەوتنیان بۆ پەرلەمان بەدەستهێنا.
دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەستەی پەخشی فەرمیی سوید (SVT)، لە ڕووی دابەشبوونی دەسەڵات لە پەرلەماندا (ریکسداگ)، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی شەش هەزار و 305 بنکە لە کۆی شەش هەزار و 626 بنکەی دەنگدان، بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ و ناوەند بە سەرۆکایەتیی مەگدالینا ئەندەرسۆن پێگەی خۆی بەهێزتر کرد و توانی بە بەدەستهێنانی 176 کورسی لە کۆی 349 کورسی، رێژەی زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستەبەر بکات، لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری راستڕەوەکان بۆ 173 کورسی دابەزین.
لە کێبڕکێی پارتەکاندا، سۆسیال دیموکراتەکان بە بردنەوەی 100 کورسی و بەدەستهێنانی 28.1%ـی دەنگەکان وەک گەورەترین هێزی وڵات پێشەنگیان گرتووە. پارتی میانڕەو (مۆدێرات) بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی ئێستا 70 کورسی مسۆگەر کرد و پێگەی دووەمی پاراست، لە کاتێکدا پارتی راستڕەوی توندڕەوی "دیموکراتەکانی سوید (SD)" بە لەدەستدانی 11 کورسی و دابەزینی بۆ 62 کورسی، گەورەترین زەرەرمەندی هەڵبژاردنەکە بوو. هاوکات پارتی چەپ 29 کورسی، پارتی ناوەند 25 کورسی، هەریەکە لە پارتی ژینگە و کریستیان دیموکرات 22 کورسی، و لیبڕاڵەکانیش 19 کورسییان بەدەستهێناوە.
لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیکردنی کورد لە سوید، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 پێنج کاندیدی بەڕەچەڵەک کورد متمانەی دەنگدەرانیان بەدەستهێناوە و بوونەتە ئەندامی خولی نوێی پەرلەمان. لە نێویاندا سێ کاندید لەسەر لیستی سۆسیال دیموکرات سەرکەوتوون کە بریتین لە "لاوێن رێدار"، "تەڵا کوردی" و "کادیر کەسیرگا"، لەگەڵ سەرکەوتنی "گۆرگین باکیرچیۆغڵو" لەسەر پارتی سەوزەکان (ژینگە) و "سارا گیللە" لەسەر لیستی دیموکراتەکانی سوید.
بە جێگیربوونی ئەم ئەنجامانە و لە کاتێکدا تەنیا 5%ـی دەنگەکان ماون هەژمار بکرێن، رێگە بۆ سۆسیال دیموکراتەکان و هاوپەیمانەکانیان خۆش بووە تا وەک بلۆکی زۆرینە دەست بە دانوستاندنی فەرمی بکەن بۆ وەرگرتنەوەی جڵەوی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە کابینەی راستڕەوەکان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەستەی پەخشی فەرمیی سوید (SVT)، پرۆسەی دەنگدان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەشدارییەکی بەرفراوانی هاووڵاتییانی بەخۆیەوە بینیوە و رێژەی بەشداری گەیشتووەتە 80.3%. لە کۆی هەشت ملیۆن و 51 هەزار و 259 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە، شەش ملیۆن و 374 هەزار و 687 دەنگی دروست تۆمار کراوە، هاوکات 85 هەزار و 275 دەنگ بە پووچەڵ هەژمار کراون کە 54 هەزار و 315یان دەنگی سپی بوون.