زەیدی و ماکرۆن: عێراق و فەرەنسا نەخشەڕێگەیەکی نوێیان بۆ هاوکاری سەربازی پەسەند کرد

لە کۆتایی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس، هەردوو وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا رێککەوتن لەسەر نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە فەرەنسا، پاراستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و بەستنەوەی عێراق بە ئەوروپاوە لە رێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانەوە، هاوکات پاریس پشتیوانیی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دووپاتکردەوە.

دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوان عێراق و فەرەنسا، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا، دیدگای هاوبەشی خۆیان بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و دراوسێیەتیی باش.

هاوکات سەرۆککۆماری فەرەنسا ستایشی سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگی عێراق و رۆڵی بەغدای کرد لە لێکنزیککردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە رێگەی دەستپێشخەرییەکانی "کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی".

لە کەرتی بەرگری و پڕچەککردندا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی بە مەبەستی کڕینی چەکی مۆدێرن لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان بۆ سوپای عێراق، کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، چاودێری، تۆپخانە، بەرگریی گواستنەوەی ئاسمانی و سیستەمی بەرپەرچدانەوەی درۆن (C-UAS) لەخۆدەگرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، گرنگیی فراوانکردنی هاوکارییە سەربازی و ئەمنییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ دۆستەکانی عێراق زیاتر دەبێت، هاوکات جەختی لە پابەندبوونی بەغدا کردەوە بە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە 11ی ئاداری رابردوودا هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی فەرەنسا.

ماکرۆن لە میانەی گفتوگۆکاندا ستایشی هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. لەو بارەیەوە زەیدی ڕوونی کردەوە، دانانی چەک لە ژێر چەتری دەوڵەتدا رووبەڕووبوونەوە نییە لەگەڵ هیچ لایەنێک، بەڵکو مەرجێکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز کە هیچ ناوەندێکی تری دەسەڵات و بڕیاردانی تێدا نەبێت.

هەردوو سەرکردە پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەربڕی و پێشوازییان لە کردنەوەی ناوەندی پزیشکیی فەرەنسی لە قەزای شنگال کرد وەک هێمایەک بۆ بەردەوامیی پاڵپشتییە مرۆییەکان.

سەبارەت بە هەڕەشە ئەمنییەکان، عێراق و فەرەنسا پابەندبوونی خۆیان بە ئاسایشی دەریایی و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دووپاتکردەوە، و سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە قەیرانی گەرووی هورمز راستەوخۆ زیانی بە هەناردەی نەوت، جووڵەی بازرگانی و داهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە.

زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز رێگە نادەن خاکی عێراق ببێتە بنکەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ یان گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ ئیقلیمییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، گەشتەکەی بۆ فەرەنسا و دواتریش بۆ ئەڵمانیا بە ئامانجی کۆکردنەوەی هەوڵە ئەوروپی و نێودەوڵەتییەکانە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا.

لە تەوەرەی ئابووریشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پێگەی وڵاتەکەی کرد وەک رێڕەوێکی ستراتیژی بۆ بازرگانی و وزە لە نێوان کەنداو، ئاسیا، تورکیا و ئەوروپا، بەتایبەتی لە رێگەی پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" کە بە درێژایی زیاتر لە هەزار و 900 کیلۆمەتر هێڵی ئاسن و رێگەی وشکانی لە کەنداوەوە بەرەو ئەوروپا درێژ دەبێتەوە.

زەیدی جەختی کردەوە کە سەقامگیریی عێراق بەندە بە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی ئەوروپاوە، و وڵاتەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی رێککەوتنە سیاسییەکان بکاتە کرداری و پێوەری سەرکەوتنیش قەبارەی راکێشانی وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی کار و هاوردەکردنی تەکنۆلۆژیا دەبێت.