زانکۆی سۆران کۆنفرانسێکی زانستی بۆ سەد ساڵەی گۆڤاری زاری کرمانجی ساز دەکات

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سۆران رایگەیاند، لە سەد ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری «زاری کرمانجی» لە شاری رواندز، فاکەڵتیی ئادابی زانکۆکە کۆنفرانسێکی زانستی لەسەر رۆڵی گۆڤارەکە و پێشەنگایەتیی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی رۆژنامەگەریی کوردیدا ساز دەکات.

 ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، رێبەر عەبدولغەفار، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سۆران بە کوردستان24ـی رایگەیاند "وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، مێژوویی و ئەکادیمی، لە 100 ساڵە دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (زاری کرمانجی) کە لە نێوان ساڵانی 1926 بۆ 1932 لە رواندز دەردەچوو، زانکۆی سۆران لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەیلوولی 2026 کۆنفرانسێکی زانستیی نیشتمانی لەژێر ناونیشانی (سەد ساڵەی گۆڤاری زاری کرمانجی و رۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی رۆژنامەگەریی کوردیدا لە کەمپەسی زانکۆ ساز دەکات."

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لە کۆنفرانسەکە پێداچوونەوەی مێژووییە بە رۆژنامەگەریی دەڤەری رواندز و سۆران و بەرزراگرتنی رۆڵی پێشەنگی حوسێن حوزنی موکریانی، لەگەڵ دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی لە بوارەکانی زمان، ئەدەب، مێژوو و فۆتۆگرافی.

تەوەرەکانی کۆنفرانسەکەش خۆیان لەم خاڵانەدا دەبیننەوە:

هێنانی چاپخانە بۆ رواندز و دەرکردنی گۆڤارەکە لەلایەن حوسێن حوزنی موکریانی.
پێگەی گۆڤارەکە لە پێشخستنی رۆژنامەگەری، ناسنامەی نەتەوەیی و هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
رەنگدانەوەی زمانەوانی، زاراوەسازی و ئەدەبی کوردی لە لاپەڕەکانی گۆڤارەکەدا.
رۆڵی گۆڤارەکە لە کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەرووی هونەر، مۆزەخانەگەری و بزووتنەوەی وەرگێڕاندا.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە توێژینەوەکان بە زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) و بە سیستەمی سەرچاوەدانانی "هارڤارد" وەردەگیرێن. هەروەها بەشداریکردن بەخۆراییە و توێژینەوە پەسەندکراوەکانیش لە ژمارەیەکی تایبەتیی (گۆڤاری توێژەر) کە سەر بە زانکۆی سۆرانە، بڵاو دەکرێنەوە.