هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر و دوو سەرنیشین بێسەروشوێنن
پاش هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوت لە کەناراوەکانی موسەندەم، عومان 23 کەس رزگار دەکات و گەڕان بەدوای دوو کەسی بێسەروشوێندا بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، ناوەندی ئاسایشی دەریایی عومان رایگەیاند، تیمە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ راکێشانی کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی "ELGAIA" و ئالای پەنەمایی هەڵکردووە، بۆ یەکێک لە بەندەرەکانی عومان، ئاماژەی بەوەش دا، دوای هێرشکردنە سەر کەشتییەکە، ئاگر لە ژووری بزوێنەرەکەیدا کەوتەوە و پاشان کۆنتڕۆڵ کرا.
ناوەندەکە روونیکردەوە، کەشتییەکە لە نزیک لە کەناراوەکان، بە دیاریکراوی لە دووری 1.3 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای موسەندەم رووبەڕووی ئەم هێرشە بووەتەوە، ئێستاش رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستن و گواستنەوەی بۆ بەندەرێکی عومانی بەڕێوە دەچن.
ناوەندی ئاسایشی دەریایی عومان باسی لەوەشکرد، توانیویانە 23 کەس لە ستافی کەشتییەکە رزگار بکەن و بیانگوازنەوە. هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە تەندروستییەکان، چاودێری و خزمەتگوزاری پزیشکی پێویست پێشکەش بە ئەندامانی ستافەکە کراوە و دۆخی تەندروستییان لە ژێر چاودێریدایە.
لەلایەکی دیکەوە، پڕۆسەی گەڕان و پشکنین بە هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی دوو کەس لە ستافی کەشتییەکە کە تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی عومانییەکان دێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و رووداوە دەریاییەکان، دابینکردنی سەلامەتی گیانی مرۆڤەکان و پاراستنی رێڕەوی ئاوییەکان.