لاڤرۆڤ: پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەکەین
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەی توند لە وڵاتانی رۆژئاوا و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا دەگرێت و رایدەگەیەنێت، رۆژئاوا دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بۆ مەرامی سیاسی دژی مۆسکۆ بەکارهێناوە. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە کیێڤ لە پلانەکانیدا شکستی هێناوە و مۆسکۆ دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەی لە ئەوروپا قبوڵ ناکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، تەنانەت دادگا نێودەوڵەتییەکانیش دانیان بەوەدا ناوە کە دانیشتووانی ناوچەی دۆنباس تیرۆریست نین، بەڵام لە بەرامبەر ئەو لەناوبردن و پێشێلکارییانەی لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە دەرهەقیان کراوە، بێدەنگییان هەڵبژاردووە، لاڤرۆڤ روونیشیکردەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا بە بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی رازی نین و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە گوشارەکانیان لەسەر رووسیا زیاتر بکەن.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، لاڤرۆڤ باسی لە گەمارۆکانی سەر نیمچەدوورگەی کریمیا کرد و گوتی: ئۆکرانیا لەلایەکی دیکەوە گەمارۆی خستەسەر نیمچەدوورگەی کریمیا، بەڵام ئێستا رژێمی کیێڤ شکستی هێناوە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا هەریەک لە بەریتانیا و ئەڵمانیای تۆمەتبار کرد بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی میدیایی دژی رووسیا و راشیگەیاند: وڵاتانی رۆژئاوا تەواوی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیان بەسیاسی کردووە، تەنانەت دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتیش بەبێ هیچ بەڵگەیەک وەک کارتێکی گوشار دژی رووسیا بەکارهێنرا.
سەبارەت بە بلۆککردنی سەروەت و سامانی وڵاتەکەشی لە ئەوروپا، سێرگی لاڤرۆڤ هۆشداریدا و جەختیکردەوە، باشترە ئەوروپییەکان پارەکانی رووسیا بلۆک نەکەن و بیگوازنەوە بۆ شوێنی دیکە، چونکە ئێمە بە هیچ جۆرێک ئەمە قبوڵ ناکەین.
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڵوێستی مۆسکۆی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، رووسیا لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تەواوی پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات.