فیدان: دەبێت گرژییەکانی کەنداو دەستبەجێ رابگیرێن

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پەلکێشبوونی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ دەریای ڕەش و هەڕەشەکردن لە گیانی هاووڵاتییانی تورکیا قبووڵکراو نییە، هاوکات داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ناوچەی کەنداوی کرد و جەختی لە پێویستیی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا کردەوە.

سێشەممە 15ی ئەیلوولی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئازەربایجانییەکەی لە باکۆی پایتەخت، هۆشداری دا لەوەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای رەش زیانی گەورە بە ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت.

فیدان جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بە هیچ شێوەیەک دروستبوونی مەترسی بۆ سەر سەلامەتیی هاووڵاتییانی لەو ناوچەیەدا قبووڵ ناکات، و ئاشکراشی کرد کە وڵاتەکەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە تاوەکو لە رێگەی رێککەوتنێکەوە چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان مۆسکۆ و کێیڤ بدۆزێتەوە.

سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە سەربازییە دوولایەنەکان لە ناوچەی کەنداو، سەرجەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەبار دەبەن. فیدان داوای کرد ئەو هێرشانە دەستبەجێ رابگیرێن و باسی لەوەش کرد کە ئەنقەرە بایەخێکی تایبەت بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئێرانی دراوسێی دەدات.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ، هاکان فیدان جەختی لە گرنگیی مسۆگەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی پێش دەستپێکردنی جەنگ کردەوە. ئەوەشی روونکردەوە، تورکیا لە پێناو کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییە گەورەیە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو، لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەی دەستیان لە ململانێکەدا هەیە.