عێراقچی: سەدان بنکە و دەیان فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکامان لەناوبردووە
عێراقچی پشتی بە داتاکانی پێنتاگۆن بەستووە
وەزیری دەرەوەی ئێران بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی فەرمیی پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کۆنگرێس، رایگەیاند، هێرشەکانی تاران سەدان باڵەخانەی سەربازیی ئەمریکای لە هەشت دەوڵەتی ناوچەکە وێران کردووە و دەیان فڕۆکەی پێشکەوتووی جەنگیی تێکشکاندووە، لە نێویاندا فڕۆکەی جۆری ئێف 35.
سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، وەڵامی ئەو لایەنانەی دایەوە کە ئێرانیان وەک وڵاتێکی بێبەرگری پێشان دەدا و ئەو دەنگۆیانەی بە "خەیاڵ و ئەفسانە" ناوبرد.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، راستییە مەیدانییەکان پێچەوانەی ئەو لێدوانانەن، و بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی خودی پێنتاگۆن، سەدان پێگەی سەربازیی ئەمریکا پارچەپارچە کراون و دەیان فڕۆکە سووتێنراون. وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی دا ئەم زانیارییانە تەنیا نووکی شاخە سەهۆڵینەکەن و لە کاتی گونجاودا تەواوی راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
ئەو بەڵگەنامەیەی وەزیری دەرەوەی ئێران پشتی پێبەستووە، راپۆرتێکی فەرمیی پشکنەری گشتیی ئەمریکایە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا". بەپێی داتاکانی راپۆرتەکە کە لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە (سێنتکۆم) وەرگیراوە، هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئێران زیانی قورسیان بە سەدان باڵەخانە و پێکهاتەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیاندووە لە وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، سعوودیە، عێراق، عومان و ئوردن جێگیر کرابوون.
لە خشتەی وردەکاریی زیانەکانی راپۆرتەکەی پێنتاگۆندا هاتووە کە دەیان فڕۆکەی سەربازی لەناوچوون یان زیانیان بەرکەوتووە؛ لەوانە زیانگەیشتن بە فڕۆکەیەکی نەوەی پێنجەمی ئێف 35 لە ئاسمانی ئێران، تێکشکانی چوار فڕۆکەی جەنگیی ئێف 15 و فڕۆکەیەکی جۆری ئەی 10.
هاوکات حەوت فڕۆکەی گەورەی سووتەمەنیی کەی سی 135 لە خاکی سعوودیە و عێراق پێکراون، فڕۆکەیەکی سیستەمی راداریی ئاسمانیی "ئاوکس" لە سعوودیە زیانی بەرکەوتووە، هێلیکۆپتەرێکی ئەپاچی لە گەرووی هورمز خراوەتە خوارەوە، و تا 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی سیخوڕیی ئێم کیو 9 لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا تێکشکێنراون.