پەروەردەی هەولێر 8 مەرجی سەرەکی بۆ دەستپێکی خوێندن و رێنمایی نوێی فرۆشگاکان رادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر لە دوو گشتاندنی فەرمیدا ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی سنوورەکەی، چەندین مەرج و رێنمایی لەبارەی ئامادەکاریی بۆ ساڵی نوێی خوێندن و فرۆشگای قوتابخانەکان دەردەکات و بەڕێوەبەری گشتیی رایدەگەیەنێت کار لەسەر دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و تەندروست بۆ قوتابیان دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر دەربارەی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2026 - 2027) و پێشوازی لە قوتابیان، رێنمایی پێویست ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی (ناوەندی هەولێر، دەوروبەری هەولێر، بنەسڵاوە، پیرمام، مەخموور، خەبات، شەقڵاوە و کۆیە) کراوە تا پێش دەستپێکردنی دەوام هەموو لایەنە تەندروستی، خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان تەواو بکرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بە نووسراوی فەرمی کە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکان کراوە و دەبێت پێش دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن ئەم خاڵانە جێبەجێ بکرێن و لەوانە:

-پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەی تەواوی تانکییەکانی ئاوی خواردنەوە.
-شوشتن و خاوێنکردنەوەی ساردکەرەوەی ئاو (بەڕاد)ـی قوتابخانە و گۆڕینی فلتەرەکانیان.
-خاوێنکردنەوەی دەستشۆر و ئەو شوێنانەی قوتابیان ئاوی لێ دەخۆنەوە.
-خاوێنکردنەوە و چاککردنەوەی سەرجەم ئەو تەوالێتانەی کە لەکارکەوتوون.
-خاوێنکردنەوەی پۆلەکان، ڕەحلەکان و چاککردنەوەی سیستەمی کارەبای ناو پۆلەکان.
-پێداچوونەوە بە سیستەمی کامێرای چاودێریی قوتابخانە، چاککردنەوەی کامێرە لەکارکەوتووەکان و دڵنیابوونەوە لە تۆمارکردنی (ریکۆرد)ـی ڤیدیۆکان.
-دڵنیابوون لە کارکردنی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و نوێکردنەوەی بەپێی پێویست.
-پاککردنەوەی سەربانی قوتابخانەکان، سۆلاوەکان و ڕێڕەوەکانی ئاو.
هاوکات لە نووسراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە؛ بە هیچ شێوەیەک کار بە نووسراوەکانی ئاسانکاریی ساڵی رابردوو ناکرێت و پێویستە سەرجەم نووسراوەکان بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن تازە بکرێنەوە.

هەروەها لە نووسراوێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێردا کە تایبەتە بە هۆبەی فرۆشگاکان و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان کراوە، هاتووە "پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی پەروەردە ژمارە (20107) لە 2026/9/10 و نووسراوی وەزارەتی تەندروستی ژمارە (17149) لە 2026/8/23، بڕیاردرا بە زیادکردنی بەرهەمی (چپس) بە هەموو جۆرەکانی بۆ نێو لیستی خواردنە رێگەپێنەدراوەکان لە فرۆشگای قوتابخانەکان لە رووی تەندروستییەوە."

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر داوای لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بە وردی کار بە ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە تەندروستییە بکەن و لە زووترین کاتدا رێکارە پێویستەکان بگرنەبەر.

دەربارەی ژمارەی قوتابیان بۆ ئەمساڵ لە سنووری هەشت بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بەڕێوەبەری گشتیی پەوەردەی هەولێر گوتی: تاوەکو ئێستا زانیاری کۆتایی نییە لەبارەی وەرگرتنی قوتابیان بەڵام بەگشتیی ساڵانە 20 تا 25 هەزار قوتابی نوێ وەردەگرین و هەروەها نزیکەی نیو ملیۆن قوتابی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر هەن.