حووسیەکان خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی سعوودیەیان راگەیاند
حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێزەکانیان فڕۆکەیەکی جەنگیی سعوودیەیان لە جۆری F15 لە ئاسمانی پارێزگای مەئریب خستووەتە خوارەوە. حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە، فڕۆکەکە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی سەربازیدا بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 450 هێرشی ئاسمانییان بە فڕۆکەی F15 و تایفوون کردووە.
بە گوتەی ئەوان، ئەو فڕۆکانە لە بنکەکانی خەمیس موشەییت و تائیفەوە بەرزبوونەتەوە و پارێزگاکانی تائیز، لەحج، جەوف، حەجە، مەئریب، سەعدە و بەیزایان بۆردومان کردووە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل.
حووسییەکان روونیکردەوە، هێزەکانیان بە مووشەک فڕۆکە سعوودییەکەیان پێکاوە، هەروەها رایانگەیاند، هێزەکانیان لە ئاسمانی مەئریب فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیەیان ناچار بە پاشەکشە کردووە، کاتێک ویستوویانە پاشماوەی ئەو فڕۆکەیەی حووسییەکان دەڵێن خستوویانەتە خوارەوە بدۆزنەوە.
گرووپەکە جەختیانکردەوە، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە پاراستنی ئاسمانی وڵات و سەروەرییەکەی لە هەر دەستدرێژییەک، هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئاسمانی یەمەن بە ئاسانی دەستدرێژیی ناکرێتە سەر".
سەبارەت بە تۆمەتەکانی سعوودیە لەبارەی هەبوونی هەڕەشە بۆ سەر مەککە، حووسییەکان لە راگەیەندراوەکەدا رەتیانکردەوە، هیچ مەترسییەک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئەو شوێنە پیرۆزانە کرابێت. لەو بارەیەوە گوتیان "ئەو بوختان و درۆیانەی دەسەڵاتی سعوودیە لەبارەی ئامانجگرتنی مەککە بانگەشەی بۆ دەکەن، بەسەر هیچ کەسێکدا تێناپەڕێت".
لە کۆتاییدا حووسییەکان دووپاتیانکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنیا دامەزراوە نەوتییەکان و بنکە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج و لە شوێنە پیرۆزەکان بە تەواوی دوورن.