زمانی کوردی بۆ سیستمی ئامێرە زیرەکەکان زیاد دەکرێت

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە

دامەزراوەی یونیکۆد بڕیاری دا لە وەشانی نوێیدا، زمانی کوردی بخاتە بەردەست کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی جیهان، بۆ ئەوەی بتوانن لە سیستمی ئامێرە زیرەکەکاندا بەکاری بهێنن.

بۆکان جاف، دروستکەری کۆمەڵگەی "گووگڵ کراودسۆرس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان"، رایگەیاند، بڕیارە لە رێکەوتی 21ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وەشانی نوێی یونیکۆد بە فەرمی بڵاوببێتەوە. 

ئاماژەی بەوەش دا، لە وەشانی نوێدا مژدەیەکی خۆش بۆ کورد و بەکارهێنەرانی زمانی کوردی هەیە، لەبەر ئەوەی دامەزراوەی یونیکۆد بە فەرمی زمانی کوردیی ناوەندی دەخاتە بەردەست کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بۆ ئەوەی لەسەر سیستمی ئامێرەکانیان جێگیری بکەن.

بۆکان جاف باسی لەوە کرد، لەمەودوا زمانی کوردی بۆ سیستمی مۆبایلە زیرەکەکان، تەلەڤزیۆنە زیرەکەکان و ئامێرەکانی وەک ئەندرۆید زیاد دەکرێت. بڕیارە سەرەتا لە مۆبایلە زیرەکەکاندا بەشەکانی زمان، رۆژمێر و کات ببنە کوردی و دواتر داتاکانی دیکەش وەربگێڕدرێن.

هەروەها روونیکردەوە، هەر کۆمپانیایەک وەشانی نوێی یونیکۆد بەکاربهێنێت، زمانی کوردی دەچێتە نێو لیستەکانی و دەتوانێت هەڵیبژێرێت.

 لە ئێستادا هەزاران کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهان بۆ سیستمی ئامێر و بەرهەمەکانیان پشت بە یونیکۆد دەبەستن، لە نێویاندا کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئەپڵ، گووگڵ، مێتا و مایکرۆسۆفت هەن.

دامەزراوەی یونیکۆد (Unicode Consortium) رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی قازانجنەویستە و بەرپرسە لە دانانی ستانداردەکانی دەق و زمان لە نێو سیستمە کۆمپیوتەرییەکان و ئامێرە زیرەکەکاندا. هەموو ئەو پیت و هێمایانەی لە مۆبایل و کۆمپیوتەرەکاندا دەنووسرێن، لە رێگەی کۆدەکانی ئەم دامەزراوەیەوە دەناسرێنەوە و رێکدەخرێن.

لە ساڵانی رابردوودا بەکارهێنەرانی زمانی کوردی، بەتایبەتی شێوەزاری ناوەندی (سۆرانی)، کێشەی زۆریان لە نەبوونی ستانداردی زمانەکەیان لە نێو سیستمی کارپێکردنی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکاندا هەبوو. هەرچەندە تەختەکلیل (کیبۆرد)ـی کوردی بەردەست بوو، بەڵام نەدەتوانرا رووکاری ئامێرەکان و بەشە سەرەکییەکانی وەک رۆژمێر و کاتژمێر بکرێنە کوردی.

جێگیرکردنی زمانی کوردیی ناوەندی لە وەشانی نوێی داتابەیسی (CLDR)ـی سەر بە دامەزراوەی یونیکۆد، هەنگاوێکی مێژووییە بۆ بەدیجیتاڵکردنی زمانی کوردی. ئەم کارە بە هەوڵی بەردەوامی خۆبەخشان و شارەزایانی تەکنەلۆژیای کورد ئەنجام دراوە و، وا دەکات لە داهاتوودا زمانەکە لە لایەن زیرەکیی دەستکرد و سیستمی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بە تەواوی بناسرێتەوە و مامەڵەی فەرمیی لەگەڵدا بکرێت.