هەورامانی: زەمینەیەکی زۆر باش بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ هاتووەتە ئاراوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.
رەتکردنەوەی بڕیارێکی بەغدا
گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند، "بەڕێز وەزیری پلاندانان باسی بابەتی ئاماری کرد، ئەوەی کە بریاڕێک دراوە گوایە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەو جۆرە نەبێت کە لە ناو سەرژمێریدا کە زیاتر لە 14%ـە بەو جۆرە نەبێت، بەڵکوو حکوومەتی فیدراڵ بریاڕێکی دیکە دەدا کە 12% بێت کە ئەمە غەدرێکی زۆر زۆر روون و وازحە لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە لەسەر ئەم مەسەلەیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر راوەستا، بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەن، بەڕێز جێگر و هەروەها وەزیرەکان قسەیان لەسەر کرد".
گوتیشی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئەم بریاڕە رەتدەکاتەوە؛ چ پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ بەڕێز زەیدی، چ رێگەی یاسایی و هەر شتێک پێویست بەم بابەتیە دەیکەین. بەتایبەت داوامان لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەمە بابەتیەکی سیاسی نییە، پەیوەندی بە هیچ حیزب و لایەنێکەوە نییە، ئەمە غەدرێکە بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بێگومان کاریگەرییەکی زۆر خراپی هەبێت لە هەموو بابەتەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان".
هەورامانی ئەوەشی خستەڕوو، "12.68% کە دیاری کراوە پێچەوانەی ئەو سەرژمێرییەیە کە حکوومەتی فیدراڵ خۆی ئەنجامی داوە و خۆی سەرپەرشتی ئەنجامدانی کردووە، بە بێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوتی ئەمە رەتدەکەینەوە".
بڕیارێکی تایبەت بە خوێندنی باڵا و پەروەردە
گوتەبێژی حکوومەت گوتی، "بەهۆی ئەو فشارەی لەسەر کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەیە، داواکرا ئەوانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون و بە هەر هۆکارێک وازیان هێناوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆدەنگی بڕیاری دا، لەمەدوا ئێمە دەتوانین ئەو شوێنانە پڕبکەینەوە؛ ئەوانەی لەو دوو وەزارەتە شوێنی خۆیان یان ئیشی خۆیان بەجێهێشتووە، تەنیا ئەوانەی لەسەر داهاتی ناوخۆن".
نوێ دەکرێتەوە..