فۆکس نیوز: لە هێرشێکی ئێراندا لە گەرووی هورمز کەشتییەکی بەکرێگیراوی ئەمریکا پێکراوە

چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026، فۆکس نیووز لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە دەوروبەری گەرووی هورمز، کەشتییەکی خاوەن گرێبەست لەگەڵ سوپای ئەمریکا کە کارمەندانی ئەمریکیشی لەسەر بووە، لە لایەن ئێرانەوە بە مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس بریندار بوون.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، هێرشەکە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە نزیک رێڕەوی ستراتیژیی گەرووی هورمز ئەنجامدراوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، لەو هێرشەدا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و لانیکەم یەک مووشەک بەکارهێنراون، و لە ئەنجامدا یەکێک لە مووشەک یان درۆنەکان بە راستەوخۆ لە کەشتییەکە کەوتووە کە بە گرێبەست لە خزمەتی هێزەکانی ئەمریکادا کاری دەکرد.

ئاماژەشی داوە، پێکانی کەشتییەکە بووەتە هۆی برینداربوونی سووکی ژمارەیەک لە سەرنشینەکان، لە نێویاندا تووشبوون بە تەنگەنەفەسی بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی تەقینەوەکەوە.

سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە کاتی رووداوەکەدا ژمارەیەک لە "کارمەندانی ئەمریکی" لەسەر کەشتییەکە ئامادە بوون، و ئێستاش سەرجەم بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویستی پزیشکی گوازراونەتەوە بۆ یەکێک لە وڵاتانی کەنداو.