محەمەدی حاجی مەحموود: نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هاووڵاتییان دەبێت
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان جەخت لە پێویستیی یەکڕیزیی نێوان پارتی و یەکێتی و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، پێویستە کورد پشت بە ئیرادەی خۆی ببەستێت نەک هێزە دەرەکییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هیواخوازی خۆی نیشان دا لە داهاتوویەکی نزیکدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە نێو هۆڵی پەرلەمان، هەروەها هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت خێراتر بکرێن.
محەمەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بە پێگەی سەرەکیی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار کرد و گوتی: "پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام لە کۆبوونەوەدا بن؛ چونکە بارێکی گەورە لەسەر شانیانە و نزیکبوونەوەی ئەو دوو لایەنە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان دەبێت."
سەبارەت بە بابەتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، کە بڕیارە تاوەکو 30ـی ئەیلوول لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکشێنەوە، ناوبراو رایگەیاند "ئەوکاتەی ئێمە شۆڕشمان دەکرد، هێزەکانی هاوپەیمانان لە بەغدا بوون، بۆیە گرنگە پشت بە هێز و توانای خۆمان ببەستین."
دەشڵێت، "حووسییەکان بە نەعل و کلاشینکۆفەوە رووبەڕووی سێ بۆ چوار دەوڵەت بوونەتەوە و راویان ناون، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە دەبێت پشت بە ئیرادەی خۆت ببەستیت."
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دووپاتی کردەوە کە خەڵکی کوردستان خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزن و گوتیشی، "ئێمە خاوەنی قەوارەیەکی دەستوورین کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلەکەمانە، بۆیە پاراستنیشی ئەرکی هەمووانە.