یەحیا سەریع: فڕۆکەیەکی جەنگیی F15ـی سعوودیەمان خستووەتە خوارەوە
هێزە چەکدارەکانی سەر بە گرووپی حووسییەکان لە یەمەن رایانگەیاند، لە وەڵامی 450 هێرشی ئاسمانیی هاوپەیماناندا، دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەیان ئەنجامداوە و بە دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە بەندەری یەنبوع و بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیتیان لە قووڵایی خاکی سعوودیە کردووەتە ئامانج.
چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026،، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان لە سەنعا، لە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیاندا بە بەکارهێنانی دەیان مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو، بە چڕی پەلاماری پێگە و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆیان لە شاری پیشەسازیی یەنبوع لەسەر دەریای سوور داوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، مووشەک و درۆنەکان بە وردی لە ئامانجەکانیان داوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە دامەزراوەکانی نەوت و پترۆکیمیایی کەوتووەتەوە و زیانی ماددیی زۆر لێکەوتووەتەوە، کە ئەمەش راستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دەروازەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە لە کەناراوەکانی رۆژئاوا.
لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا، حووسییەکان ئاشکرایان کرد کە لە رێگەی دەستەیەک مووشەکی بالیستییەوە بنکەی ئاسمانیی شا خالیدیان لە شاری خەمیس موشەیتی باشووری سعوودیە بۆردوومان کردووە و پێکانی راستەوخۆیان لە نێو بنکەکەدا تۆمار کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم لێدانانە وەڵامێکی راستەوخۆ بوون بۆ زیاتر لە 450 هێرشی ئاسمانی کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا بۆ سەر زۆربەی پارێزگاکانی یەمەن ئەنجامیان دابوو، هاوکات هۆشدارییان دا کە بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر قووڵایی خاکی سعوودیە بە مەبەستی چەسپاندنی هاوکێشەی "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ و ئاڵۆزی بەرامبەر ئاڵۆزی" تا ئەو کاتەی ریاز هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت و گەمارۆی سەر خاکی یەمەن هەڵدەگرێت.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان رایگەیاند هێزەکانیان سەرکەوتووبوون لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F15ی سعوودیە، لەو کاتەی لە ئاسمانی پارێزگای مەئرەب خەریکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دوژمنکارانە بوو بۆ پشتگیریکردنی جموجووڵە سەربازییەکانیان.