ئەنجوومەنی وەزیران: داوا لە عێراق دەکەین پابەندبێت بە رێژەی 14.14%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق بۆ دیاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێم بە 12.68%رەت دەکاتەوە و جەخت لە رێژەی فەرمیی 14.14%دەکاتەوە، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـدا پشک و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە ململانێ سیاسییەکان جێگیر بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای تاوتوێ کرد.
ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 و بەشداری لە (PISA)
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، راپۆرتێکیان لەبارەی ئامادەکارییە کارگێڕی، پەروەردەیی، زانستی و تەکنیکییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 خستەڕوو، هەروەها وەزیری پەروەردە راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ بەشداریی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی قوتابییان (PISA) پێشکەش کرد کە ئامانج لێی پێوانەکردنی ئاستی سیستمی پەروەردەییە بە پێوەرە جیهانییەکان لە بوارەکانی زانست، بیرکاری و خوێندنەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی بەشداریکردن لەم پڕۆگرامە نێودەوڵەتییە کردەوە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کەرتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن، هاوکات بڕیاری دا ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەست پێبکات و راسپاردەی پێویستیشی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە و زانکۆکان دەرکرد.
رەتکردنەوەی رێژەی 12.68%ـی دانیشتووانی هەرێم و پەنابردن بۆ دادگا
لە تەوەرەی دووەمدا، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەمدواییەی ئەنجوومەنی باڵای دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە تێیدا رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە 12.68%دیاری کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارەی بەغدای بە تەواوی رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە بەپێی ئەنجامی فەرمی و پەسەندکراوی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024، رێژەی دانیشتووانی هەرێم 14.14%ـە، ئەم پرۆسەیەش بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و فیدراڵ ئەنجام دراوە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشەوە پەسەند کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران هەریەک لە وەزارەتەکانی پلاندانان و داد و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپارد، هەموو رێکارە دەستووری، یاسایی و دادوەرییەکان بگرنەبەر بۆ راستکردنەوەی ئەم رێژەیە و پابەندبوون بە ئەنجامە راستەقینەکە (14.14%)؛ چونکە ئەم رێژەیە تەنیا پەیوەست نییە بە بودجە و داهاتەوە، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی بەشداری و نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، پەرلەمان، پۆستە سیادییەکان و باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە هەیە.
شاندی باڵا لە بەغدا و داکۆکیکردن لە مووچە و بودجەی 2027
لە بڕگەی کۆتاییدا، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەمدواییەی خۆیان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی عێراق سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ داڕشتنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵیی 2027 خستەڕوو.
شاندەکە هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، دۆسیەی مووچە، داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، خەرجییە حاکمە و سیادییەکان و قەرزە نێودەوڵەتییەکان روونکردەوە، لە بەرامبەردا سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەو کۆتوبەندانە کرد کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی رابردوودا هەبوون (وەک بەکارهێنانی پێوەری "خەرجکردنی راستەقینە - الإنفاق الفعلي" و زیادکردنی بەرچاوی خەرجییە سیادییەکان) کە بوونەتە هۆی کەمکردنەوە و پەکخستنی مافە داراییەکانی هەرێم.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە نابێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هیچ ناکۆکییەکی نەوتی یان داراییەوە ببەسترێتەوە، بەڵکو دەبێت هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق و لەسەر بنەمای یەکسانی و بڕیاری شوباتی 2024ـی دادگای باڵای فیدراڵی، لە کاتی خۆیدا خەرج بکرێت.
هەروەها بڕیار درا گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام بن بۆ ئەوەی رەشنووسی بودجەی 2027 لەسەر بنەمای دەستوور و بە دادپەروەری دابڕێژرێت. ئەنجوومەنی وەزیران داواشی لە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق کرد، بەبێ جیاوازی یەکڕیز و تەبا بن لە داکۆکیکردن لە پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
یادکردنەوەی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی بەرز راگرت کە لە ساڵی 1969دا لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە دژ بە هاووڵاتییانی مەسیحی (کلدان) و موسڵمانی گوندەکە ئەنجام درا.




