ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو کۆدەبێتەوە
بۆ تاوتوێکردنی قۆناخی دوای جەنگی ئێران
سەرۆکی ئەمریکا، بەنیازە هەفتەی داهاتوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ سەرکردەی شاندەکانی وڵاتانی کەنداو کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێڕەوی جەنگەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس کە لە سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو لە بیرۆکە و پلانەکانی تایبەت بە ستراتیژیەتی قۆناخی دوای جەنگ ئاگادار بکاتەوە. لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی رۆژی دواترن، کە پێشبینی دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس بەتەواوی دابڕێژرێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ترەمپ لەگەڵ سەرکردە یان وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و عومان) کۆدەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بانگهێشتنامە سەرەتاییەکانی بۆ کۆبوونەوەکە رەوانە کردووە. یەکێک لە سەرچاوەکانیش باسی لەوە کردووە کە رەنگە کۆبوونەوەکە فراوانتر بکرێت و سەرکردەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی بگرێتەوە، بەڵام کۆشکی سپی تا ئێستا رەتیكردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدات.
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو، جەنگی ئێران خەریکە بەرەو کۆتایی دەچێت، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن.
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا گوتی: "ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، با بزانین دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات." پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ئەگەری کۆتایی هاتنی جەنگەکە کردبوو دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، بەڵام هێشتا وردەکارییەکانی هەر رێڕەوێکی دانوستانی شاراوە لە نێوان واشنتن و تاران ناڕوونن.
لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا واشنتن و تاران گەیشتنە یاداشتێکی لێکگەیشتنی کاتی، بەڵام نەبووە هۆی کۆتاییهێنانێکی یەکجاری بە ململانێکان و دواتر پێکدادانەکان سەریان هەڵدایەوە. هۆکاری سەرەکیی نوێبوونەوەی گرژییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییەکانی سەر پرسی گەرووی هورمز و میکانیزمی دووبارە کردنەوەی بەڕووی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتیدا. ئێستاش، گەرووی هورمز بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی جەنگەکە، دوای ئەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان تیایدا بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.