سیئۆل ناردنی هێزی سەربازی بۆ هورمز رەت دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور رایگەیاند؛ وڵاتەکەی هێشتا هیچ بڕیارێکی لەبارەی جێگیرکردنی هێز و کەرەستەی سەربازی لە گەرووی هورمز نەداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، چۆ هیون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور ئەم لێدوانەی پێش بەڕێکەوتنی بەرەو واشنتن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خستەڕوو.
چۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان روونیکردەوە، پرسی بەشداریکردنی کۆریای باشوور لە دڵنیاییکردنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا هێشتا لە قۆناخی تاووتوێکردندایە. ئەو بەرپرسە دووپاتیکردەوە، هیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ ناردنی هێز یان کەرەستەی سەربازی بۆ ئەو ناوچەیە نەدراوە.
بڕیارە سبەی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، چۆ و روبیۆ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دۆسیەی نیمچەدوورگەی کۆریا و گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆ بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن فشار لە سیئۆل دەکات بەشداری لە هەوڵەکانی پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لەو گەرووە ستراتیژییەدا بکات.
گفتوگۆکان میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو پابەندبوونە وەبەرهێنانەی کۆریای باشووریش دەگرێتەوە، کە بەهای 350 ملیار دۆلارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی بازرگانیی پێشوودایە، لەپاڵ تاووتوێکردنی دۆسیە ئەمنییەکانی پەیوەست بە کۆریای باکوور.
سیئۆل دەیەوێت هاوسەنگییەک لەنێوان هاوپەیمانییە بەرگرییەکەی لەگەڵ واشنتن و نیگەرانییەکانی لە دەرئەنجامی هەر تێوەگلانێکی سەربازی لە گەرووی هورمزدا رابگرێت. ئەم هەوڵەش بەتایبەت دوای ئەوە دێت، ئێران هۆشداری داوە لەبارەی لێکەوتەی مەترسیداری هەر بەشداریکردنێکی کۆریای باشوور لەو ناوچەیەدا.