بۆ دواجار ئەردۆغان خۆی بۆ سەرۆکایەتی تورکیا کاندید دەکات

راوێژکارێکی باڵای سەرۆکایەتیی تورکیا رایگەیاند، پێشبینی دەکات هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا لە 16ی نیسانی 2028 بەڕێوەبچێت و تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ کۆتا جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکاتەوە.

مەهمەت ئوچوم، راوێژکاری باڵای رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: پێشبینی دەکەم هەڵبژاردنەکان لە 16ی نیسانی 2028 بەڕێوەبچن، ئەم بەروارە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ریفراندۆمی تێپەڕاندنی سیستمی سەرۆکایەتی لە تورکیا و ئاماژەیەکی سیمبولی هەیە، هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ کۆتا جار دەبێتەوە کاندید.

ئەمە لە کاتێکدایە، راوێژکارەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لە مانگی حوزەیرانی کۆتایی 2026دا لە وتارێکدا پێشنیازی کردبوو کە پەرلەمانی تورکیا لە نێوان 9 تا 15ی شوباتی 2028 بڕیاری نوێکردنەوە و پێشخستنی هەڵبژاردنەکان بدات.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، وەک لە دەستووردا هاتووە، ئەگەر پەرلەمان بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدات، رێگە بە ئەردۆغان دەدرێت مەرجی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە، روونیشی کردبووەوە کە ئەم هەنگاوە لە رووی سیاسییەوە بە "هەڵبژاردنی پێشوەختە" هەژمار ناکرێت بەڵکو تەنیا سێ هەفتە لە بەرواری ئاسایی خۆی کە 7ی ئایاری 2028ە پێش دەخرێت.

بەگوێرەی دەستووری ئێستای تورکیا، سەرۆک کۆمار تەنیا دەتوانێت بۆ دوو خول لەسەر یەک لە پۆستەکەی بمێنێتەوە. رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023دا بۆ خولی دووەم لە سێبەری سیستمی نوێی سەرۆکایەتیدا هەڵبژێردرایەوە، خولی دووەم و کۆتایی خۆی بەڕێوە دەبات؛ بەڵام بەپێی ماددەیەکی دەستوور، ئەگەر پەرلەمانی تورکیا بەرلە کۆتاییهاتنی خولەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پێشخستنی هەڵبژاردنەکان بدات، ماف بە سەرۆک کۆماری ئێستا دەدرێت کە بۆ خولێکی دیکەش خۆی کاندید بکانەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و رێبەری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، لە 26ی شوباتی 1954 لە ئەستەنبۆڵ لەدایکبووە، دەستپێکی ژیانی سیاسیی لە رێگەی کارکردن لە پارتە ئیسلامییەکان و وەرگرتنی پۆستی شارەوانی ئیستانبوڵ لە ساڵی 1994 سەریهەڵدا، کە تێیدا سەرکەوتنی بەرچاوی لە بەڕێوەبردنی شارەکەدا بەدەستهێنا.

لە ساڵی 2001 پارتی داد و گەشەپێدانی دامەزراند و لە ساڵی 2003 بووە سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لە ساڵی 2014 وەک یەکەم سەرۆک کۆمار لە رێگەی دەنگدانی راستەوخۆی جەماوەرەوە هەڵبژێردرا و لە ساڵانی دواتریشدا توانی سیستمی سیاسیی وڵاتەکە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی بگوێزێتەوە.