سەرپەرشتیاری هەژماری من: فەرمانبەران دەتوانن بە دیجیتاڵی بانکەکانیان بگۆڕن

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" رایگەیاند، بەم نزیکانە خزمەتگوزاریی پێدانی قەرز بە مووچەخۆران کارا دەکرێت، هەروەها رێکارەکانی گۆڕینی بانک بۆ فەرمانبەران بە شێوەیەکی دیجیتاڵی ئاسان دەکرێت.

هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، ئاراز ساڵح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من"، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "یەکێک لە مەرج و پێوەرە سەرەکییەکان بۆ ئەو بانکانەی لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن، پابەندکردنیان بووە بە پێدانی قەرز بە مووچەخۆران، لەو چوارچێوەیەشدا بەم نزیکانە خزمەتگوزاریی پێدانی قەرز چالاک دەبێت، هەر بانکێک چەند جۆرە قەرزێکی دەبێت و مووچەخۆران دەتوانن لێی سوودمەند بن".

سەبارەت بە گۆڕینی بانک لەلایەن مووچەخۆرانەوە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە دا "ئەو بانکانەی لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن، بانکی زۆر باش و متمانەپێکراون و بەو پێوەرە هەڵبژێردراون کە دەبێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، هەربۆیە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا هەر مووچەخۆرێک بیەوێت بانکەکەی بۆ بانکێکی دیکەی بەشدار لە پڕۆژەکە بگۆڕێت، دەتوانێت بە رێگەیەکی زۆر ئاسانی دیجیتاڵی ئەو کارە بکات".

لەبارەی ئاماری وەرگرتنی مووچە لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە، ئاراز ساڵح ئاشکرای کرد "رێژەی ئەو فەرمانبەرانەی لە رێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک گەیشتووەتە 99٪ و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش 98٪ـە".

هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، سەرپەرشتیاری هەژماری من باسی لە فراوانکردنی تۆڕی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە کرد و گوتی "تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە هەزار ئامێری ئەی تی ئێم (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت، هاوکات تیمەکانی هەژماری من لەگەڵ بانکەکان بەردەوام لەسەر هێڵ دەبن بۆ ئەوەی ئەو ئامێرانە هیچ کێشەیەکیان نەبێت و بە شێوەیەکی بەردەوام نەختینە (پارە)ـیان تێدا بێت".