عەبدولمەلیک حووسی: مافی خۆمانە هێرش بکەینە سەر بنکەی سەربازی و ژێرخانی وزەی سعوودیە
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، بەئامانجگرتنی کەرتی نەوت و بنکە سەربازییەکانی نێو خاکی سعوودیە مافێکی رەوای رەوتی حووسییەکانە و وەک وەڵامێکە بۆ دەستدرێژییەکانی ئەو وڵاتە.
عەبدولمەلیک حووسی لە پەیامێکدا جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر یەمەن کردەوە و رایگەیاند، هێرشەکانیان لە قووڵایی خاکی سعوودیەدا بنکە سەربازی و ئاسمانییەکان و کەرتی نەوتی گرتووەتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، نەوت سەرچاوەی سەرەکیی دارایی هەڵمەتە سەربازییەکانی سعوودیەیە بۆ سەر وڵاتەکەیان.
سەرکردەی حووسییەکان روونی کردەوە، مەرجی ئەوان بۆ ئارامی ئەوەیە کە سعوودیە دەستدرێژییە سەربازییەکانی رابگرێت، کۆتایی بە گەمارۆکان بهێنێت و رێگە بدات گەلی یەمەن سوود لە سامانی نیشتمانیی خۆی وەربگرێت.
لە پەیامێکدا بۆ دانیشتووانی پارێزگاکانی باشوور و رۆژهەڵاتی یەمەن، عەبدولمەلیک حووسی ئاماژەی بەوە دا کە خەڵکی مەدەنیی ئەو ناوچانە ناکەنە ئامانج، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانیان تەنیا ئەو گردبوونەوە و بنکە سەربازییانەیە کە لەلایەن سعوودیەوە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.
سەبارەت بە هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە و مەککە، سەرکردەی حووسییەکان گوتی: "ئەم ئیدعیایانەی سعوودیە درۆیەکی گەورە و بوختانێکی ئاشکرایە". ئاماژەی بەوەش دا، گەلی یەمەن زیاتر لە هەمووان پەرۆشی پاراستنی پیرۆزییە ئیسلامییەکانە و سعوودیە ئەم پڕوپاگەندەیە بەکاردێنێت بۆ داپۆشینی شکەستەکانی لە مەیدانی جەنگدا.
هەروەها روونی کردەوە، مەرجی ئەوان بۆ ئارامی ئەوەیە کە سعوودیە هێرشە سەربازییەکانی رابگرێت، کۆتایی بە گەمارۆکان بهێنێت و رێگە بدات گەلی یەمەن سوود لە سامانی نیشتمانیی خۆی وەربگرێت.