بەهۆی تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکی پاکستان 17 کەس کوژران و 40ـی دیکەش بریندارن

 بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەناو مزگەوتێکی سەر بە فەرماندەیی پۆلیس لە باکووری رۆژئاوای پاکستان، لانیکەم 17 کەس کوژران و 40ـی دیکەش بریندار بوون.

زولفەقار حەمید، فەرماندەی پۆلیس لە هەرێمی خەیبەر رایگەیاند: تەقینەوەکە لە مزگەوتێکی سەر بە بارەگای فەرماندەیی پۆلیس لە شاری "کۆهات"ـی سەر بە هەرێمی ناوبراو لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە روویداوە و لەنێو قوربانییەکاندا شەش ئەندامی پۆلیس هەن.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە بە شێوەی خۆکوژی ئەنجامدراوە، هاوکات بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، تەقینەوەکە لە کاتی بەجێهێنانی نوێژی هەینیدا بووە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاکستان رایگەیاند لە ئاکامی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنیدا لە هەرێمی خەیبەر لە ماوەی نێوان رۆژانی سێشەممە تا پێنجشەممە ئەنجامدراون، 10 چەکدار کوژراون.