دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دادگای ئەنقەرە هەڵسەنگاندنەوەی بۆ دەکرێت
دادگای هەرێمیی ئەنقەرە دۆسیەی سەرەکیی کۆبانێی خستەوە ژێر پشکنین و هەڵسەنگاندنەوە کە سەلاحەدین دەمیرتاش بەهۆیەوە سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، ئەم پێشهاتە یاساییەش هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی دەسەڵات بۆ هەموارکردنی یاسای سزادان و لێدوانە چاوەڕواننەکراوەکەی دەوڵەت باخچەلی، ئەگەری ئازادکردنی ناوبراوی لە ئایندەیەکی نزیکدا زیاتر کردووە.
هەینی 18ی ئەیلوولی 2026، دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای پلە یەک لە تورکیا، دۆسیەی سەرەکیی پەیوەندیدار بە رووداوەکانی کۆبانێ کە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆیەوە سزادراوە، رەوانەی دادگای هەرێمیی داواکارییەکانی ئەنقەرە کرا و ئێستا لە لایەن دەستەی دادوەرانەوە خراوەتەوە ژێر پشکنین و پێداچوونەوەی یاسایی.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە لە 10ی ئابی رابردوودا پەرلەمانی تورکیا پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە"ی راگەیاند، کە ئەمەش دەرگای بۆ لێکدانەوە و مشتومڕی نوێ کردووەتەوە لەسەر ئەوەی ئایا دەمیرتاش و زیندانیانی دیکەی هەمان دۆسیە دەتوانن سوود لەم دەرفەتە یاساییە وەربگرن بۆ ئازادبوون یان کەمکردنەوەی ماوەی سزاکەیان.
هاوکات لەگەڵ جووڵەی دادگاکاندا، محەمەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرای کرد، ئامادەکارییەکان دەستیپێکردووە بۆ داڕشتنی "رێکخستنی نوێی یاسای سزادان"، کە ئەمەش سەرنجی ناوەندە یاسایی و سیاسییەکانی وڵاتەکەی بە لای خۆیدا راکێشاوە.
لە هەمووی گرنگتر لێدوانەکەی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە بوو کە لە هەڵوێستێکی تەواو چاوەڕواننەکراودا ئاماژەی بەوە دابوو کە ئازادکردنی دەمیرتاش هەنگاوێکی "بەکەڵک و پڕ لە خێر" دەبێت بۆ تورکیا، کە ئەم لێدوانەی هاوپەیمانە سەرەکییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رەهەندێکی تەواو جیاواز و گەشبینانەی بە دۆسیەکە بەخشی.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە 4ی تشرینی دووەمی ساڵی 2016ەوە لە زیندانی ئیدرنە لە باکووری رۆژئاوای تورکیا گیراوە، و لە ماوەی ئەم هەشت ساڵەدا پرۆسەی دادگاییکردنی بەردەوام لە ئاستی ناوخۆیی و لەسەر ئاستی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تاوتوێ دەکرا کە چەندین جار داوای ئازادکردنی دەستبەجێی کردبوو.
ئێستا و لە ژێر سایەی ئەم ئاماژە سیاسی و یاساییە نوێیانەدا، تەواوی چاوەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی دادگای هەرێمیی ئەنقەرەن بۆ ئەوەی چارەنووسی سەرکردە زیندانیکراوەکەی کورد یەکلا بکاتەوە.