قاسم ئەعرەجی: هەڵگرتنی چەکی نایاسایی لە ئاییندەدا بە تاوانی تیرۆر دادەنرێت

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دیاریکردنی وادەیەک بۆ کارەکانی لێژنەی سنووردارکردنی چەک دەکەن تەواو ناڕاستن، هاوکات هۆشداری دا کە دوای تەواوبوونی ئەرکەکانی لێژنەکە، هەر کەسێک بە شێوەیەکی نایاسایی چەک هەڵبگرێت بەپێی یاسا وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی راگەیەندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە دیاریکردنی سەقفێکی زەمەنی بۆ کارەکانی لێژنەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڵاوبوونەتەوە.

راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە، هیچ مۆڵەت و وادەیەکی دیاریکراو بۆ چەک کۆکردنەوە دانەنراوە، و داوای لە هاووڵاتییان کرد کە وریای بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە بن و تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە زانیارییەکان وەربگرن.

قاسم ئەعرەجی ئاشکرای کرد، ئەم لێژنەیە لە لایەن هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"یەوە پێکهێنراوە و لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا ئەرکەکانی بەڕێوەدەبات تا دڵنیایی بدات لەوەی کە سەرجەم چەکەکان دەگەڕێنرێنەوە ژێر چەتری دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی دەوڵەت.

ئاماژەی دا، هەوڵەکان بەردەوام دەبن تاوەکو تەواوی ئەو هەنگاوانە بە شێوازێکی بێ کەموکوڕی و دروست لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ دەکرێن.

راوێژکاری ئەمنیی سەرۆکوەزیران هۆشدارییەکی توندی دا و جەختی کردەوە لەوەی کاتێک کارەکانی لێژنەکە تەواو دەبن و چەک بە تەواوەتی لە دەستی دەوڵەتدا قەتیس دەکرێت، قۆناخێکی یاسایی توند دەستپێدەکات.

قاسم ئەعرەجی رایگەیاند لەو کاتەوە هەر کەس و لایەنێک بە شێوەیەکی نایاسایی چەک هەڵبگرێت وەک یاساشکێن هەژمار دەکرێت، توندترین رێکاری یاسایی لە دژی دەگیرێتەبەر و بەپێی ماددە یاساییەکان هاوشێوەی تیرۆریستان دادگایی دەکرێت.