ترەمپ: ئێران لە هەموو روویەکەوە دۆڕاوە و خوازیاری رێککەوتنە لەگەڵمان

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تاران لە رووی سەربازی و داراییەوە لە ناوچەکەدا دۆڕاون و ئێستا بەپەلە بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێن لەگەڵ واشنتن، هاوکات هۆشداریشی دا، ئەگەر مەرجەکانی رێککەوتنەکە تەواو دروست نەبن، هەرگیز بیری لێناکاتەوە.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تۆڕی هەواڵی "نیووز نەیشن" رایگەیاند تاران لەم ساتەدا زۆر بە پەرۆشەوە دەیەوێت بگاتە رێککەوتن، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەگەر مەرجەکانی ئەو رێککەوتنە دروست و گونجاو نەبن بۆ ئەمریکا، تەنانەت بیریشی لێناکاتەوە.

ترەمپ روونی کردەوە، پەلەکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەموو لایەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و گوتی: "ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە دۆڕاوە؛ لە رووی داراییەوە شکستیان هێناوە، لە رووی سەربازییەوە تووشی شکست بوون و لە هەموو بوارێکدا دۆڕاون، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین تا بزانین لە داهاتوودا چی روودەدات."

هاوکات لە پرسیارێکدا سەبارەت بە حووسییەکان، ئایا ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵیان دەکرێت چۆنن؟ و ئایا هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجامدراوە؟". ترەمپ لە وەڵامدا بە فەرمی بوونی کەناڵی دانوستاندنی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ حووسییەکانیشدا قسە دەکەین، و ئەوان حەز دەکەن بزانن ئایا دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک لە نێوانماندا."

تۆڕی "نیووز نەیشن" ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا، پەیامێکی پڕ لە متمانەی سەبارەت بە ئاییندەی قەیرانەکە دەربڕیوە و پێی گوتووە کە نیگەران نەبێت، چونکە لە کۆتاییدا تەواوی کێشەکان بە شێوازێکی باش چارەسەر دەبن و هاوسەنگی دەگەڕێتەوە.