فۆکس نیوز: تورکیا و عومان گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی ماهان ئایری ئێرانیان راگرت

فۆکس نیوز لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابووریی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژ بە تاران، هەردوو وڵاتی تورکیا و عومان دوای ئەنجامدانی دیداری راستەوخۆ لەگەڵ نێردەی باڵای واشنتن، بڕیاریان دا بە راگرتنی سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئایر"ی ئێرانی بۆ وڵاتەکانیان.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، فۆکس نیوز ئاشکرای کرد کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نێردەیەکی باڵای خۆی بە مەبەستی بەهێزکردنی ستراتیژیی گەمارۆکان و گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە، ناردووەتە هەریەکە لە ئیمارات، تورکیا، سەڵتەنەتی عومان و بەریتانیا .

گوتەبێژی وەزارەتی گەنجینە بۆ فۆکس نیوز، روونی کردەوە کە لە دوای راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ئابوورY دژی ئێران، واشنتن هەڵمەتێکی توندی بۆ سەپاندنی رێکاری دارایی دژ بە ژمارەیەک لە بانکەکانی ئیمارات و تورکیا لە پاڵ کۆمپانیاکانی دابینکەری خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی کە هاوکاریی هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئایر"ی ئێرانیان دەکرد، دەستپێکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، ئەم جووڵە دیپلۆماسی و داراییەی واشنتن بە خێرایی ئەنجامی مەیدانیی لێکەوتووەتەوە؛ بە شێوەیەک دەستبەجێ دوای کۆبوونەوە رووبەڕووەکانی نێردەکەی گەنجینەی ئەمریکا، هەردوو حکوومەتی تورکیا و عومان بە فەرمی راگرتنی تەواوەتیی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئایر"یان بۆ ناو فڕۆکەخانەکانیان راگەیاند.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەنقەرە و مەسقەت کرد بۆ هاویشتنی ئەم هەنگاوە گرنگانە، و جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان تا رێگری لە تاران بکەن لە بەکارهێنانی هەر دەروازەیەکی دیکەی ئابووری و بازرگانی بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە.