ترەمپ رووماڵی سێ دەزگای راگەیاندنی لە کۆشکی سپی قەدەخە کرد
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، دەستبەجێ رووماڵی هەریەکە لە کەناڵەکانی "سی ئێن ئێن"، "ئێم ئێس ناو (ئێم ئێس ئێن بی سی پێشوو)"، و ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" لە کۆشکی سپی قەدەخە دەکرێت، بە تۆمەتی ئەوەی بەردەوام هەواڵی ساختە لە دژی ئیدارەکەی بڵاودەکەنەوە.
هەینی 18ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەمەودوا رێگە بە پەیامنێرانی کەناڵی "سی ئێن ئێن"، کەناڵی "ئێم ئێس ناو" کە پێشتر ناوی ئێم ئێس ئێن بی سی بوو، لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی "پۆلیتیکۆ" نادرێت پێ بنێنە ناو باڵەخانەی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر شێوازی کارکردنی ئەو کەناڵانە و تۆمەتباری کردن بەوەی کە هەمیشە هەواڵی درۆ، خەیاڵی و ناڕاست لەسەر کەسایەتیی سەرۆک، ئیدارەکەی و تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاودەکەنەوە.
هاوکات ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ و باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆ بایدندا بە شێوەیەکی نایاسایی بڕی هەشت ملیۆن دۆلاری لە بودجەی حکوومەت پێدراوە بە ناوی بەشداریکردنی خوێندنەوەوە تا لە مایەپووچبوون رزگاری بکەن، کە بە گوتەی ئەو ئەم کارە نموونەیەکی تەواوی گەندەڵییە.
لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک نابێت رێگە بدرێت دەزگاکانی راگەیاندن بەردەوام بن لە پەخشکردنی زانیاریی هەڵبەستراو کاتێک رووماڵی هەواڵەکانی دەسەڵاتی واشنتن دەکەن.
ترەمپ هۆشداریشی دایە سەرجەم میدیاکانی دیکە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە تەنیا سەرەتایە و بەم نزیکانە دەزگای راگەیاندنی دیکەش کە هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە، بە هەمان شێوە لە کۆشکی سپی دەردەکرێن و قەدەخەیان بەسەردا دەسەپێنرێت.