بۆ راگرتنی هێرشی حووسییەکان، وەزیری ناوخۆی پاکستان دەچێتە تاران

میدیاکان ئاشکرایان کرد، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی ئێران بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە گرژییەکانی حووسییەکانی یەمەن و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.

رۆژنامەی "فاینانشەڵ تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، فەرماندەی سوپای پاکستان داوای لە تاران کردووە کە کۆنترۆڵی حووسییەکان بکات و رێگری لە هێرشەکانیان بگرێت.

پێشتریش میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، رۆژی چوارشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ بەیژینگ، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان گفتوگۆی لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە. 

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئومێدەوارە جەنگی دژی ئێران بەم نزیکانە کۆتایی بێت. بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ترەمپ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی کەنداو کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو ململانێیە، کە ئێستا پێ دەنێتە حەوتەمین مانگییەوە بێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی دیار بێت.

گرژییەکانی ئەم دواییە، مەترسییەکانی لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای سوور زیاتر کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشی حووسییەکان رووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش بووەتە هەڕەشە بۆ سەر جووڵەی بازرگانی لە گەرووی بابولمەندەب.

لە مانگی تەممووزی رابردووەوە بەهۆی جەنگ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەریان هەڵداوەتەوە و لە هەفتەی رابردووەوە توندتر بوون، ترسی ئەوەیان دروستکردووە، گەرووی بابولمەندەب دابخرێت یان ئاستەنگی بۆ دروست ببێت، هاوشێوەی ئەوەی لە گەرووی هورمز روودەدات.

بەردەوامیی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکانی سعوودیە، کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەرگریی شارستانیی سعوودیە رایگەیاند؛ بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنێکی حووسییەکان لە پارێزگای تائیف دوای تێکشکاندنی لە ئاسماندا، هاووڵاتییەکی یەمەنی گیانی لەدەستداوە و ژنێکی سعوودی و هاووڵاتییەکی پاکستانی برینداربوون کە دۆخی تەندروستیی پاکستانيیەکە ناجێگیرە، سەرباری کەوتنەوەی زیانی ماددی.

لای خۆیەوە ریاز بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات، حکوومەتی پاکستانیش سەرکۆنەی هێرشەکەی تائیفی کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بەو هێرشانە دەربڕی کە ژیانی خەڵکی بێتاوان دەخەنە مەترسییەوە و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن.