هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا دەستی پێکرد
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، سندوقەکانی هەڵبژاردن بە رووی نزیکەی 111 ملیۆن دەنگدەری رووسیادا کرانەوە و پرۆسەکەش تاوەکو 20 ی ئەم مانگە درێژەی دەبێت.
بەهۆی دەنگدان بە شێوەی ئۆنلاین و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە سێ رۆژدا، قەرەبالغی بەرچاو لە بنکەکاندا کەم دەبێتەوە. ژمارەیەک دەنگدەر قسەیان بۆ کوردستان 24 کردووە و دەڵێن، ئەم هەڵبژاردنە هەوێنی گۆڕانکارییە.
رۆژی یەکەمی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی رووسیایە، بۆ خولی نۆیەمی پەرلەمانی وڵاتەکە. نزیکەی 111 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی و ئامادەبوون لە بنکەکاندا، ئەو جەنجەڵیەی پێشووتر لەناو وێستگەکان بەدی ناکرێت. ئەو هاوڵاتیانەش کە دەنگیانداوە، ستایشی پرۆسەکە دەکەن.
ئەلیکساندەر سۆتنیکەڤ، دەنگدەر بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ من بەشێوەیەکی بەردەوام بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەم و ئەو مافە دەستورییەم کەڵک لێوەردەگرم، لە هەڵبژاردنی پێشوو سیستمی کۆن و لیستی ناو هەبوو، دەنگدەر کاتی زیاتری دەویست بۆ دۆزینەوەی ناو و وەرگرتنی فۆڕم، ئەمساڵ بەهۆی نوێگەری و سیستمی ئەلیکترۆنی پاسپۆرت زوو دەبینرێتەوە و فۆرمەکە رادەستی دەنگدەر دەکرێت، واتە هەم ئەرکی کارمەندانی لیژنەی هەڵبژاردن لە بنکەکان ئاسان بووە، هەم نۆرەی دەنگدان درێژ و ماندووکەر نییە، زۆر شادم بە هەڵبژاردنی ئەمجارە و هیوادارم هەمووان بەشدار بن.
لەم هەڵبژاردنەدا، 10 پارتی سیاسی و زیاتر لە 3 هەزار 100 بەربژێر بۆ 450 کورسی ئەنجwومەنی دووما کێبرکێیانە. 225 کورسی بۆ پاڵیوراوانی پارتەکان و 225 کەی تریش بۆ بەربژێرە سەربەخۆکانە. ئافرەتان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە و هەڵبژاردن بە هەوێنی گۆڕانکاری دەبینن.
تاتیانا پڕەتیاگینا، دەنگدەر دەڵێت؛ ( هەوڵدەدەم لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەم، چونکە بەتەنگ داهاتووی منداڵەکانمەوەم، پێمباشە گەنجان هۆشیارانە بیربکەنەوەو چالاکانە بەشدار بن، چونکە کاریگەری دەرەکی زۆر هەیە بۆ لادانی گەنجان، من بە ئەزموونی خۆم و هاوڕێکانم دەڵێم کە بەشداری لە هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەدیدێنێت، بۆیە وێڕای هەموو قسە و باسێک دەنگدان پێویستە).
یەلینا پوتۆرینا، دەنگدەر ئاماژەی بەوەدا, ( وەک دەبینن پرۆسەکە بە دیموکراسی و ئارامی بەڕێوە دەچێت، هەموو شتێک باشە، من داواکارم هەمووان بەشداری بکەن، چونکە هەڵبژاردن دیاریکردنی داهاتوومانە).
رۆژی 18 ئەم مانگە لە سەرانسەری رووسیادا سەرجەم سندووقەکانی هەڵبژاردن بەرووی دەنگدەراندا کرانەوە. هاوڵاتیان لە ماوەی سێ رۆژدا، بەڕێگەی ئۆنلاین و ئامادەبوون لە بنکەکاندا دەنگی خۆیان دەدەن. بۆ دەستنیشانکردنی 450 پەرلەمانتار ، بۆ ئەنجومەنی دوومای رووسیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ.