ئەمریکا: کاریگەریی ئێران لە گەرووی هورمز کەم دەکەینەوە

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، رۆژانە 10 بۆ 11 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، کاریگەریی ئێران لەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییە هەفتە بە هەفتە کەمتر دەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەو بەرپرسە جەختیدەکردەوە، ئەو رێڕەوە جێگرەوەیەی هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ بەردەوامیی جووڵەی هاتوچۆی دەریایی دایڕشتووە، ئەنجامی ئەرێنیی هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسەکە روونیکردەوە دراوی ئێران دابەزینی پێوانەیی تۆماردەکات و رێژەی هەڵاوسانیش گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. هاوکات پێشبینی کرد، حکوومەتی ئێران ناچار دەبێت دەست لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی هەڵبگرێت.

سەبارەت بە شاندی ئێران بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بەرپرسە گوتی: "واشنتن ڤیزەی بۆ بەشێک لە ئەندامانی شاندەکە دەرکردووە". ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، قەبارەی شاندەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو بچووکتر دەبێت.

لە کۆتاییدا، بەرپرسەکەی کۆشکی سپی جەختیدەکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرنگی بە هاوبەشە کەنداوەییەکان دەدات و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گوێ لە نیگەرانییەکانیان بگرێت. ئەو دووپاتیشیکردەوە، بەردەوامبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە وەک گرووپ، گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.