پردی سەرەکیی دووکان هەفتەیەک دادەخرێت

پردی سەرەکیی دووکان
پردی سەرەکیی دووکان

پردی سەرەکیی دووکان بۆ ماوەی یەک هەفتە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت و رێگەی جێگرەوەش دیاری کراوە.

قایمقامیەتی قەزای دووکان هاووڵاتییان و شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولەوە، پردی سەرەکیی ناوەندی قەزاکە بۆ ماوەی یەک هەفتە بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت، هۆکارەکەشی بۆ دەستپێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە دەگەڕێتەوە.

پردی سەرەکیی دووکان بە شادەمارێکی گرنگ و ستراتیژیی هاتوچۆ دادەنرێت، لەبەر ئەوەی جگە لە بەستنەوەی هەردوو بەری قەزاکە بەیەکترەوە، رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ بەیەکبەستنەوەی پارێزگای سلێمانی بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی راپەڕین و دەشتی کۆیە.

لە راگەیەنراوەکەدا داوا لە شۆفێران کراوە تاوەکوو تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە، دوو رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن بۆ گەشتەکانیان، ئەوانیش بریتین لە پردی دووەمی قەزای دووکان و رێگەی بەری سارتکە.

پردی دووکان دەکەوێتە سەر زێی بچووک لە قەزای دووکان و یەکێکە لە پردە کۆن و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان. ساڵانە بەهۆی بارگرانیی زۆری هاتوچۆ و تێپەڕبوونی هەزاران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و گەشتیاری بەسەریدا، پێویستی بە چاکسازی و نۆژەنکردنەوە دەبێت.

قەزای دووکان بە دووریی 70 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری سلێمانی و بە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییە هەرە گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت. بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ هاتوچۆی نێوان هەردوو زۆنی پارێزگای سلێمانی و پایتەخت، ئەمەش وای کردووە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکانی ئەو سنوورە گرنگییەکی تایبەتی هەبێت بۆ رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتوچۆ و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان.