رووسیا سەدان درۆنی ئۆکرانیای خستە خوارەوە

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان لە چەند ناوچەیەکی رووسیا و ئاوەکانی دەریای رەش خستووەتە خوارەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، شەوی رابردوو 344 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان لەسەر ناوچەکانی لێنینگراد، نۆڤگۆرۆد، بریانسک، کورسک، بێلگۆرۆد، ئۆریل، کالوگا، تولا، ریازان، لیپێتسک، ڤلادیمیر و رۆستۆڤ، هەرێمی کراسنۆدار، ناوچەی مۆسکۆ، ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی یامالۆ نێنێتس، داغستان و دەریای رەش خستووەتە خوارەوە.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکراشیکرد، هێزەکانیان شەوی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندەکانی لۆجیستیکی و بەندەرەکانی ئۆکرانیا، ئەو هێرشانە کەشتییەکانی خزمەتگوزاریی هێزەکانی ئۆکرانیا و دامەزراوەکانی ژێرخانی گواستنەوەیان کردووەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، دوو کەشتیی بارهەڵگر کە پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیایان گواستووەتەوە، لە کاتی گەشتیان بەرەو بەندەری ئۆدێسا کراونەتە ئامانج.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، هەروەها دەیان هەزار کەس کوژراون و ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، هاوکات چەند جارێک رووسیا و ئۆکرانیا دیلەکانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ رێکنەکەوتوون.