باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداریی ئەمنی دەداتە هاووڵاتییانی
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا لە هۆشدارییەکی بەپەلەی ئەمنیدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد لە بەرزترین ئاستی وریاییدا بن، و ئاگاداری ئەگەری داخستنی کایەی ئاسمانی و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بن لە فڕۆکەخانەکانی عێراق بەهۆی مەترسیی پەرەسەندنی لەناکاوی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا هۆشداری دراوە کە بەهۆی گرژیی سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە و ئەگەری روودانی پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە.
باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کردووە کە بە وردی چاودێریی جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان بکەن لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، چونکە مەترسیی راگرتن یان هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان و تەنانەت داخستنی کایەی ئاسمانی لە ناوچەکەدا لە ئارادایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکدارانی حووسییەکان، هێرشەکانیان لە دژی سعوودیە دەستپێکردووەتەوە و فڕۆکەخانە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج، کە ئەمەش مەترسیی تەشەنەسەندنی خێرای جەنگەکەی زیاتر کردووە.
لە هەمان کاتدا هۆشداری دراوە کە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران لەوانەیە جگە لە باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، پەلاماری بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و سەرجەم ئەو دامەزراوانە بدەن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بە ئەمریکاوە بەستراونەتەوە.